نەجیب غەزبان، ڕاوێژکاری باڵای وەزیری دەرەوەی سووریا، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە دیداری مێری لە هەولێر، به شەفەق نیوزی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی چاوی لە فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری و هەماهەنگییە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکاندا؛ هاوکات سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەڵوێستە ئەرێنییەکانی.
غەزبان ئاماژەی بەوە کرد کە «سووریای نوێ» گۆڕانکارییەکی گشتگیری لە سیستەم و سیاسەتەکانیدا بەرانبەر سەرجەم پێکهاتە ناوخۆییەکان و وڵاتانی دراوسێ دروست کردووە و جەختی کردەوە که وڵاتەکەی چاوی لە قۆناغێکی نوێیە دوای دەرچوون لە سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ڕوونی کردەوە کە سووریا هێشتا ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە دەبێتەوە لە دۆسیەکانی ئاوەدانکردنەوە، دۆخی دارایی و گەڕانەوەی ئاوارەکان، کە ئەمەش پێویستی بە تێکۆشانی هاوبەشی هەمووان هەیە و لە سەرووی هەموویانەوە دراوسێ عێراقییەکەمان.
سەبارەت به ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە ناوخۆی سووریا، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی سووریا سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و بە «دیدگایەکی گەشبینانە و زۆر هاندەرانە بەرانبەر سووریای نوێ» وەسفی کرد.
جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە درێژایی ساڵانی جەنگدا پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی سووریا کردووە و پەناگەی بۆ دابین کردوون، لە کاتێکدا هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان لە ناوخۆی سووریادا لە دۆخێکی قورسی ژیاندا دەژین.
غەزبان جەختی لەوە کردەوە که هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گرنگییەکی یەکجار گەورەی بۆ دیمەشق هەیە، بەو پێیەی ئەم پەیوەندییە وەک دەروازەیەک بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و سووریا بەگشتی سەیر دەکرێت.
لە لایەکی ترەوە، ئاشکرای کرد که پلانێک هەیە بۆ فراوانکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ڕێگەی ئەگەری کردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی نوێی سووریا لەو شارانەی کە پێویستیان پێیەتی، هەرچەندە کێشە داراییە قورسەکان و رێکخستنەوەی سیستەمی سیاسی لە وڵاتدا وەک ئەولەوییەتی قۆناغی ئێستا دەبینرێن.

