zagros news agency

لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی لە نزیک کەناراوەکانی بولگاریا، کەشتییەک نوقم بوو و ١١ دەریاوان بێسەروشوێنن

بەرپرسانی بولگاریا رایانگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە دوای ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکی بارهەڵگر بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) لە نزیک کەناراوەکانی ئەو وڵاتە، ١١ دەریاوان بێسەروشوێن بوون. ئەم رووداوەش وایکرد حکومەتی بولگاریا باڵیۆزی رووسیا لە سۆفیا بانگهێشت بکات.

بە وتەی بەرپرسانی بولگاریا، شەوی رابردوو دوو کەشتیی بارهەڵگر لە دەریای رەش کەوتوونەتە بەر هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لە ئەنجامدا یەکێکیان نوقم بووە. هەرچەندە بولگاریا راستەوخۆ رووسیای بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام رۆمێن رادیڤ، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە رایگەیاند کە دەرئەنجامی ئەم هێرشانە “خزمەت بە فیدراسیۆنی رووسیا دەکات”. هاوکات تا ئێستا مۆسکۆ هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی رووداوەکەوە نەداوە.

رادیڤ لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا جەختی کردەوە: “ئەم کارە بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە، ئەمە هێرشێکی دیکەیە کە راستەوخۆ لە نزیک ئاوە هەرێمییەکانی بولگاریا ئەنجام دراوە”.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی ئەوروپا و ئۆکراینا هێرشەکانیان بە توندی ئیدانە کرد. ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ‘ئێکس’ نووسیویەتی: “دەریای رەش بووەتە بەرەیەکی دیکە بۆ پەرەسەندنی جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا، دەبێت ئەوانەی بەرپرسن لەم کارە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.”

هاوکات ئەندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی ‘ئێکس’ رایگەیاند کە ئەم لێدانە “جارێکی دیکە بێباکی و پشتگوێخستنی بە ئەنقەستی مۆسکۆ بۆ گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەسەلمێنێت”. سیبیها وتیشی: “دەریای رەش شاڕەگی ئاسایشی خۆراکی جیهانییە، رووسیا هێرشی دەکاتە سەر بۆ ئەوەی برسییەتی بکاتە چەکێک و تەواوی جیهانی پێ بە بارمتە بگرێت”.

وردەکاریی زیانەکان و کەشتییەکان

بەرپرسانی بولگاریا ئاشکرایان کرد کە توانیویانە پێنج ئەندامی دەستەی ئەو کەشتییەی کە لە کەناراوەکانی گوندی ‘کرابێتس’ نوقم بووە رزگار بکەن، بەڵام ١١ کەسی دیکەیان هێشتا بێسەروشوێنن. میدیا ناوخۆییەکانی بولگاریا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوی کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکە “ئازۆڤ کۆنکۆرد”ە و لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکییەوە بەڕێوەدەبردرێت.

سەبارەت بە کەشتیی دووەم، بەرپرسان باسیان لەوە کرد کە کەشتیی “چێڵسی ٣” کە ئاڵای ماڵتای هەڵگرتبوو، لە شەودا بە سێ درۆن پێکراوە، بەڵام سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە کە پێکهاتبوون لە ٧ ئۆکراینی و ٨ ئازەربایجانی بە سەلامەتی رزگار کراون و برینی کەسیان سەخت نەبووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ترەمپ: ئێران و ئیسرائیل دەگەینمه رێککەوتن

یاسین

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازی له‌ سه‌رۆكى هاوپه‌يمانيى عه‌زم دەکات

سەڵاح

دۆخی دەروونی و تەندروستیی سەعد لمجەرد لە زینداندا ئاشکرا دەکرێت

ART