zagros news agency

 

شێرکۆ حەبیب

لەو ڕۆژەی پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزراوەوە تا ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا، یەکگرتوویی لە نێو ماڵی کورد و پێکەوەژیان لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان، هەمیشە لە پێشینەی ئامانجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوو، و هەرواش دەبێت.

دوای ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، پارتی کاری لەسەر ئەوە کردووە کە کورد لە بەغدا یەک هەڵوێست و یەک بۆچوونی هاوبەشی هەبێت، بۆ ئەوەی بە یەکگرتوویی و بەهێزییەوە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی کوردستان بکات، ئەمەش لە بەرژەوەندیی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا بووە. بینیمان کە لەو ساتانەی کورد لە بەغدا پێگەیەکی بەهێزی هەبووە، توانای زیاتر بۆ پاراستنی ماف و دەسکەوتەکانی هەبووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئەو یەک هەڵوێستییە ئەو سەنگ و گرنگییەی جاران نەماوە و هۆکارەکانی ئەمەش جێی لێکدانەوە و گفتوگۆیە.

بەداخەوە، ئەمڕۆ کورد لە بەغدا لەسەر بڕیارە پەیوەندیدارەکان بە ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد هەمیشە یەک هەڵوێستی نییە. بۆ نموونە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقدا، کە ئەم پۆستە دوای رزگارکردنی عێراق پشکی کوردە،و بووەتە بەشێک لە ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنە عێراقییەکان و کورد پێگەیەکی دیاریکراوی تێدا هەبووە، دەبوو لایەنە کوردستانییەکان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێک بکەون.

بەڵام بەداخەوە، لەو پرۆسەیەدا یەکگرتوویی پێویست بەدی نەکرا. لە کاتێکدا پارتی کاندیدی خۆی هەبوو، بۆ بەرژەوەندیی گشتیی کورد، پێشنیاری کرد کە پەرلەمانتارانی کوردستان کەسێک هەڵبژێرن، بەبێ ئەوەی گرنگی بە ئەندامیەتی کام حزبی ئەو کاندیدە بدرێت،بەڵام ئەو پێشنیارە وەڵامی پێویستی وەرنەگرتەوە.

هەروەها، پێش ئەو پێشنیارە، سەرۆک بارزانی چەندین پێشنیاری خستبووە بەردەم لایەنە سیاسییەکان، لەوانەش کۆبوونەوەی سەرجەم حزبەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، یان بانگکردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ئەو پێشنیارانەش بە شێوەیەکی پێویست وەرنەگیران. لە کۆتاییدا لایەنێکی دیکە بڕیارەکەی بەبێ ڕێککەوتنی هاوبەشی کورد، لەگەڵ لایەنی دیکەی غیرە کورد جێ بەجێ کرد.

ئەمڕۆ، کاتێک باس لە یەک هەڵوێستیی کورد لە بەغدا دەکرێت، پێویستە ئەوەش بگوترێت کە پارتی هەردەم لەگەڵ ئەم داواکاریییە، بەڵام بەهۆی بەرژەوەندییە تەسکە حزبییەکان و هەژموونیی هەندێک لایەن، ئەو داواکارییە نەیتوانیوە ببێتە بنەمای ڕێککەوتنێکی گشتی.

ئەمڕۆ پرسیاری سەرنج راکێس ئەوەیە: یەکگرتوویی گرنگە، بەڵام لەسەر چ بنەمایەک و بۆ چ ئامانجێک؟

ئەمڕۆ گرنگە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و ببێتە سەرچاوەی بڕیار و چاودێریی دیموکراسی. گرنگە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردن و بە ڕێزگرتن لە دەنگی هاووڵاتیان، پێک بێت. ئەمەش دەتوانێت بناغەیەکی پتەو بۆ پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی هەرێم دابین بکات و متمانە بە دامەزراوەکانی حکومڕانی بەهێزتر بکات.

هەر حزب و لایەنێکی سیاسی ئازادە لەگەڵ هەر لایەنێک هاوپەیمانی و ڕێککەوتن بکات، بەڵام ئەو هاوپەیمانی و ڕێککەوتنانە نابێت دژ بە بەرژەوەندیی گشتیی گەل بن. لێرەدا ئەم پرسیارەش دێتە پێشەوە: لەسەر چ بنەمایەک و بە کام دەسەڵاتێک، لایەنێک داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی تر دەکات دان بە ڕێککەوتنەکانی ئەوەوە بنێن، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنانە بە ڕێککەوتنێکی گشتی و هاوبەش پشتگیری نەکرابن؟

کوردستانیان ئاواتەخوازن ئەوەی دەگوترێت، ببێتە کردار، نەک تەنها قسە و دروشم بێت بۆ ڕاکێشانی سۆز و سەرنجی هاووڵاتیان. چونکە ئەوەی گرنگە، کردارەکانن کە بەرژەوەندیی گشتی دەپارێزن، مافەکان دابین دەکەن و دەسکەوتەکان بەهێزتر دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕێبازى کوردایەتى و سەربڵندى و کۆڵنەدان لە پێناو دۆز و ئامانجێکى رەوا ..

سەڵاح

ئەرکى ڕاگەیاندن لە خزمەت نەتەوە و نیشتیمانە، نەک دوژمنانى کوردستان

سەڵاح

لە سایەی لیستی پارتیدا بنەماکانی بەیەکەوە ژیان بەهێزتر دەبێت

دڵشاد