توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە هەندێک لە کەرەستە و ئامێرەکانی جوانکاری ڕەنگە ببنە هۆی پێکان و زیانگەیاندنی مەترسیدار بە چاو.
توێژەران شیکارییان بۆ ئاماری بەشەکانی فریاکەوتن لە چەند نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا کردووە لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠٢٤. لە ئەنجامدا دەرکەوتووە، نزیکەی ٤٢ هەزار و ٥٠٠ کەس بەهۆی پێکانی چاوەکانیانەوە سەردانی پزیشکیان کردووە کە هۆکارەکەی پەیوەندیی بە بەکارهێنانی کەرەستەکانی جوانکاری و بەرهەمەکانی چاودێریی کەسییەوە هەبووە. مەترسیدارترین ئەو بەرهەمانەش پێکهاتبوون لە: سپڕای قژ، چەسپی برژانگ، بۆیەی نینۆک و ئامێرە گەرمییەکانی تایبەت بە ڕێکخستنی قژ.
بەپێی ئەنجامەکان، ٪٨٢ی قوربانییان ژنان و کچان بوون، لە کاتێکدا نزیکەی چارەکی حاڵەتەکانیش تایبەت بوون بە منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ.
سەبارەت بە منداڵان، دەرکەوتووە کە مەترسییە سەرەکییەکە بریتی بووە لە سووتاویی کیمیایی. بەڵام لەنێو کەسانی پێگەیشتوودا، برینداربوون، شینبوونەوە و ڕووشانی چاو بەربڵاوترین جۆری پێکان بوون کە ٪٥٦ی حاڵەتەکانیان پێکدەهێنا. هەروەها ٪٢٢ی پێکانەکانیش بەهۆی سووتاویی گەرمییەوە بووە، بەتایبەت ئەو سووتاوییانەی بەهۆی ئامێرەکانی قژ ڕێکخستنەوە ڕوویانداوە.
لە کۆتاییدا توێژەران ڕێنمایی دەدەن بەوەی کەرەستەکانی جوانکاری لە شوێنێک هەڵبگیرێن کە دوور بێت لە دەستی منداڵان، و بە وریاییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئامێرەکانی قژ ڕێکخستن بکرێت. هەروەها بە توندی جەخت لەسەر پێویستیی چاودێریکردنی منداڵانی بچووک دەکەنەوە، چونکە ئامارەکان دەریدەخەن کە ٪٧٠ی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵەوەیە و تووشی پێکان بوون، بەبێ چاودێریی کەسانی گەورە کەرەستەی جوانکارییان بەکارهێناوە.

