یەکێتیی ئەورووپا هێرشی دوێنێی گرووپێک لە شارۆچکەنشینانی ئیسرائیلی بۆ سەر دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان لە کەناری ڕۆژاوای داگیرکراو بە توندی مەحکووم کرد.
خزمەتگوزاریی “کردەوەی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا” لە بەیاننامەیەکدا گوتوویەتی: “یەکێتیی ئەورووپا هێرشە نوێیەکانی شارۆچکەنشینە توندوتیژەکان لە کەناری ڕۆژاوا، لەوانەش هێرش بۆ سەر دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان، بە توندی مەحکووم دەکات.”
لەم بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر پێویستیی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەری توندوتیژییەکان و ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی هێرش و ئازاردانی فەلەستینییەکان و ڕۆژنامەنووسان، بەتایبەت لە وەرزی لێکردنەوەی زەیتووندا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: “داوا لە ئیسرائیل دەکەین بە تەواوی پابەندی مافی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ بێت و شارۆچکەسازییەکان ڕابگرێت.”
بە گوتەی شایەتحاڵان، ڕۆژی شەممە شارۆچکەنشینانی ئیسرائیلی هێرشیان کردە سەر کاروانێکی دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان لە کەناری ڕۆژاوای داگیرکراو و سەرۆکی شارەوانیی شارێکی فەڕەنساییان خستە ژێر لێدان کە سەردانی ئەو ناوچەیەی کردبوو.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینیش دوای برینداربوونی وێنەگرێکی هەواڵیی ئەمریکایی لە هێرشێکی تونددا، سەبارەت بە مەترسیی “قەیران” لە کەناری ڕۆژاوا هۆشداریی دا.

