ئەمڕۆ یەکشەممە، 18-10-2026، فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و فارسین ئاغابکیان شاهین، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی دەوڵەتی فەلەستین، پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، لە پەراوێزی کارەکانی 52مین خولی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە بەغدا، فۆئاد حوسێن پێشوازی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ڕێڕەوەکانی ئاشتی تاوتوێ کراون. فۆئاد حوسێن جەختی لە هەڵوێستی عێراق کردووەتەوە کە داوای دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە دەکات لە ڕێگەی دیالۆگ و ئامرازە دیپلۆماسییەکانەوە.
لە لایەکی ترەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران پیرۆزبایی لە عێراق کرد بەبۆنەی وەرگرتنی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ عێراق جەخت لێکردووەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنەکەدا.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، هەردوو لا ڕێگاکانی چالاککردنی کاری ڕێکخراوەکە و بەهێزکردنی ڕۆڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کردووە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پاڵپشتیکردنی هاوکاری و پێکەوەیی نێوان وڵاتانی ئەندام.

