zagros news agency

دەرزییەکی نوێ بەتەواوەتی چەوریی جەستە لەناودەبات

 

ئەنجامی تاقیکردنەوە پزیشکییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە دەرمانی “CBL-514” لە رێگەی هاندانی خانە چەورییەکان بۆ لەناوبردنی خۆیان، رۆڵێکی بەرچاو لە کەمکردنەوەی چەوریدا دەگێڕێت و رێگە بۆ چارەسەرێکی نوێی قەڵەوی خۆش دەکات. ئەم دەرمانە بە پێچەوانەی چارەسەرەکانی دیکە، تەنیا قەبارەی خانەکان کەم ناکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی لەناوچوونیان.

ئەنجامی دوو تاقیکردنەوەی قۆناغی دووەم کە 280 بەشداربووی لەخۆ گرتووە، سەلماندوویەتی ئەم دەرزییە لە کەمکردنەوەی چەوری ژێر پێستدا سەرکەوتوو بووە. شیکاریی داتاکانی 41 بەشداربوو ئاشکرای دەکات، ئەوانەی بۆ ماوەی 12 هەفتە دەرزییەکەیان بەکارهێناوە، بە رێژەی 12.01%ـی کەمبوونەوەی چەوریی ناوپۆشی سکیان تۆمار کردووە. لە بەرامبەردا ئەو گرووپەی چارەسەری بێمایەیان وەرگرتووە، چوار هەفتە دوای کۆتا دەرزی بە رێژەی 5.68% زیادبوونی چەورییان هەبووە.

لە تاقیکردنەوەیەکدا لەسەر مشک، دەرکەوتووە تێکەڵکردنی ئەم دەرمانە لەگەڵ دەرمانی “تیریزيباتید” کە لە چارەسەرەکانی GLP-1 دا بەکاردێت، دەبێتە هۆی دابەزینی کێشی زیاتر بەراورد بە بەکارهێنانی تەنیا یەک دەرمان. مشکەکان دوای وەستاندنی دەرمانەکەش کێشێکی کەمیان گەڕاندووەتەوە. توێژەران پێیان وایە ئەم ئەنجامانە رەنگە رێگر بن لە گەڕانەوەی کێش دوای وازهێنان لە دەرمانەکانی GLP-1، هەرچەندە هێشتا ئەم دەرەنجامە لە مرۆڤدا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئەم ئەنجامانە تا ئێستا لەلایەن پسپۆڕانی بوارەکەوە بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ نەکراوە، چونکە لە کۆنفرانسێکدا خراونەتەڕوو و پشت بە راگەیەندراوی کۆمپانیاکە بەستراوە، کە ئەمەش پێویستی بە وریایی هەیە. توێژەران ئێستا پلانیان هەیە تاقیکردنەوەی گەورەتر بکەن و بۆ ماوەیەکی درێژتر چاودێریی بەشداربووان بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی بەردەوامیی دابەزینی چەوری و کاریگەریی چارەسەرەکە لەسەر تەندروستیی گشتی.

هەواڵی پەیوەندیدار

خواردنی بادەم لەم نەخۆشییانە دەتپارێزێت

lana

ئەم خواردنانە لەم ماوەیە زیاتر نابێت لە بەفرگردا هەڵبگیرێن

lana

ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە زینک چی بەسەر جەستە دەهێنن

lana