شەحنکردنەوەی مۆبایل لە کاتی خەوتن و دانانی ئامێرەکە لە نزیک سەرین یان لەژێر بەتانی، مەترسییەکانی سەلامەتی و کاریگەرییە تەندروستییەکانی بۆ بەکارهێنەران زیاد دەکات. کۆمپانیای ئەپڵ لە رێنمایییە سەلامەتییەکانیدا جەختدەکاتەوە، پێویستە خۆ بەدوورگرتن لە نووستن لەسەر مۆبایل یان محەویلەی کارەبا و شەحنی بێ تەل رەچاو بکرێت.
ئەپڵ رێنوێنی دەدات مۆبایل و کەرەستەکانی شەحنکردنەوە لە شوێنێکی هەواداردا دابنرێن و لەژێر بەتانی یان سەرین و لەسەر جەستە دانەنرێن کاتێک بە سەرچاوەیەکی کارەباوە لکێنراون. شوێنە نەگونجاوەکان رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو گەرمییە دەکەن کە ئامێرەکان لە کاتی شەحنکردندا بەرهەمی دەهێنن، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی بێزاری یان برینداربوونی پێست بەهۆی بەرکەوتنی درێژخایەنی ئامێرە گەرمبووەکان.
سەبارەت بە سەلامەتیی کەرەستەکان، ئەپڵ هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی کەیبڵ و شەحنی تێکچوو یان شەحنکردنەوە لە کاتی هەبوونی شێ، چونکە ئەمە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە و کارەباگرتن زیاد دەکات. شارەزایان پێشنیار دەکەن بەکارهێنەران مۆبایلەکانیان لەسەر رووکەشێکی رەق و کراوە دابنێن، هەروەها چالاککردنی دۆخی فڕۆکە چارەسەری کێشەی گەرمبوونی مۆبایل ناکات ئەگەر ئامێرەکە لەژێر بەتانییەکدا بووبێت.
لەلایەکی دیکەوە، پەیمانگەی ئەمریکی بۆ دڵ و سی و خوێن روونیدەکاتەوە، بەرکەوتن بە رووناکی دەستکردی بەهێز لە کاتێکی درەنگی شەودا کاریگەری لەسەر دەردانی مێلاتۆنین دادەنێت و ئاماژەکانی کاتژمێری بایۆلۆژی تێکدەدات، ئەمەش پرۆسەی خەوتن زەحمەت دەکات. رێنمایییەکانی پەیمانگەکە پێشنیار دەکەن کاتژمێری پێش خەوتن بۆ چالاکییەکی ئارام تەرخان بکرێت و بەکارهێنەران خۆیان لە رووناکی بەهێزی شاشەکان بەدوور بگرن.
سەبارەت بە نیگەرانییە تەندروستییەکان، پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ شێرپەنجە جەختدەکاتەوە، هیچ بەڵگەیەکی زانستی سەلمێنەر نییە کە بەکارهێنانی مۆبایل ببێتە هۆی شێرپەنجەی مێشک یان جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە لە مرۆڤدا. بەم پێیە، پێویست ناکات رێنمایییەکانی شەحنکردنەوە بەو جۆرە بانگەشانەوە ببەسترێنەوە.
بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، پێویستە بەر لە خەوتن مۆبایلەکە لە بەتانی و دەست دوور بخرێتەوە. هەروەها دەکرێت تایبەتمەندی “بێزارم مەکە” چالاک بکرێت بۆ کەمکردنەوەی پچڕانی کاتەکان، بەڵام ئەم رێکارە جێگرەوەیەک نییە بۆ هەڵبژاردنی شوێنێکی سەلامەت بۆ شەحنکردنەوە یان کوژاندنەوەی شاشەکە پێش خەوتن.

