حەسیبە گەردی، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕایگەیاند کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستی بە ئیرادەیەکی نیشتمانی و مامەڵەی بەرپرسیارانەی تەواوی هێزە سیاسییەکان هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بنەمای سەرەکی بۆ لەمەودوای پرۆسەی سیاسی، ڕێزگرتنە لەو متمانەیەی هاووڵاتییان لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بەخشویانە بە لایەنە سیاسییەکان.
بەرپرسیارێتی نیشتمانی و قۆناغی نوێ
لەبارەی بارودۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی دانوستاندنەکان، حەسیبە گەردی بۆ زاگرۆس گوتی: «پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە جەختی لەسەر ڕێزگرتن لە پرۆسەی دیموکراسی و ئیرادەی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە. لەم قۆناغەدا، ئەرکی سەرەک و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانە کە بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە بێنە پێشەوە و بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکانەوە.»
پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە پەرلەمان و حکومەت دوو دامەزراوەی بڕبڕەی پشتی سەقامگیری و خزمەتگوزارین لە هەرێمی کوردستاندا، و گوتی: «داواکاری و ڕوئیای پارتی روون و ئاشکرایە؛ کاراکردنەوەی پەرلەمان و داڕشتنی کابینەیەکی بەهێز و کارا، بەستراوەتەوە بە هاوکاری و سازانی نیشتمانییەوە. هیچ لایەنێک ناتوانێت خۆی لەم بەرپرسیارێتییە بەدوور بگرێت، بەڵکو دەبێت بە دیالۆگێکی ئەرێنی و دروستکەر کێشەکان چارهسەر بكرێن تاوەکو دامەزراوە شەرعییەکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.»
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی زاگرۆس، حەسیبە گەردی جەختی لەسەر بەها و سەنگ سەنگی دەنگی هاووڵاتییان کردەوە و ڕایگەیاند: «هەڵبژاردنەکان وەبەرهێنانی متمانەی خەڵک بوون لە هێزە سیاسییەکاندا. پێویستە هەموو هێزێک بگەڕێتەوە بۆ ئەو قەبارە و قورساییەی کە جەماوەر لەسەر سندوقەکانی دەنگدان پێی بەخشیوە. پشتبەستن بە دەنگی خەڵک تەنها ڕێگەیە بۆ بونیادنانی سەقامگیری سیاسی و هێنانەکایەی حکومڕانییەکی ڕەشید کە وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی هاووڵاتییان بێت.»

