ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، پرۆسەی دووبارە بڵاوکردنەوەی هێزە هاوبەشەکان لە سبەی هەینییەوە لە جورف سەخر دەست پێدەکات. سەرچاوەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی راگەیاند، بڕیارە هێزەکان لەو رێکەوتەوە لە ناوچەکە جێگیر بکرێن.
نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە دووبارە بڵاوکردنەوەی یەکەکانی سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی لە جورف سەخر کرد. هاوکات فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پێشنیازی کردبوو ئەرکی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بە هێزەکانی حەشد بسپێردرێت و ئاسایشی بۆڕییە نەوتییەکانیش لە ئەستۆی پۆلیسی وزەدا بێت.
بەپێی بەڵگەیەکی فەرمی کە عەبدولئەمیر شەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی دەریکردووە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رەزامەندی لەسەر پلانی دابەشکردنی کەرتی ئەمنیی بەمشێوەیەی خوارەوە دەربڕیوە:
وەزارەتی بەرگری، لیوای 38ی فیرقەی 10 ئەرکی کۆنترۆڵکردنی کەرتی درێژبووەوە لە سەتری حوسێن تا یەکگرتنی فازلییە و گەیشتن بە سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار دەگرێتە ئەستۆ.
وەزارەتی ناوخۆ، لیوای 17ی پۆلیسی فیدراڵی ئەرکی کۆنترۆڵکردنی ناوەندی ناحیەی جورف سەخر لە رووباری فوراتەوە لە رۆژهەڵات تا رێگەی موسەییب – فازلییە لە رۆژئاوا دەگرێتە ئەستۆ.
دەستەی حەشدی شەعبی، لیواکانی 72 و 79 ئەرکی کۆنترۆڵکردنی کەرتی درێژبووەوە لە رێگەی موسەییب – فازلییە لە رۆژهەڵات تا سنووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا دەگرنە ئەستۆ.
پۆلیسی وزە، فەوجێکی تایبەت ئەرکدار دەکرێت بە دابینکردنی ئاسایش و کۆنترۆڵکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت لە کەرتەکەدا.
بازگەکانی پشکنین، بازگەیەکی پۆلیسی بابل لە یەکگرتنی فازلییە بەرەو قەزای موسەییب و بازگەیەکی دیکەی پۆلیسی ئەنبار بەرەو قەزای عامرییەی فەلووجە دەکرێنەوە.
کردنەوەی رێگەکان، رێگەی موسەییب – بەهبەهانی – یەکگرتنی فازلییە – عامرییەی فەلووجە بەڕووی هاتوچۆدا دەکرێتەوە.
هێزی یەدەگ، فەوجێکی دژە تیرۆر کە لە سەربازگەی حامییەدایە، وەک هێزی یەدەگی فەرماندەی گشتی لە کەرتەکەدا دەمێنێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی لەناکاو.
فالح فەیاز، دوێنێ چوارشەممە لە نامەیەکدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، جەختی لەو پێشنیازە کردەوە کە ئەرکی سەرەکیی پاراستنی ناوچەکە و بۆڕییە نەوتییەکان بەو شێوەیەی سەرەوە دابەش بکرێت.

