ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

شاندى سه‌رۆكايه‌تى له‌گەڵ بەرپرسانی كۆشكى سپى، پێنتاگۆن و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه كۆبووه‌وه‌

له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌ياندا بۆ ئه‌مه‌ريكا، دوێنێ هه‌ينى 9/2/2024 شاندى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند كۆبوونه‌وه‌يه‌كى به‌رفراوانيان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى ئه‌مه‌ريكى له‌ كۆشكى سپى و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگرى (پێنتاگۆن) ئه‌نجامدا بۆ گۆڕينه‌وه‌‌ى بيروڕا ده‌رباره‌ى دوا پەرەسەندنەکان و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى ستراتيژيى عێراق و ئه‌مه‌ريكادا.

‎كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ر يه‌ك له‌ به‌ڕێزان ئامۆس هۆکستا‌ين گه‌وره‌ ڕاوێژكارى سه‌رۆك بايدن بۆ كاروبارى وزه‌ و وه‌به‌رهێنان له‌ كۆشكى سپى، ئه‌زرا زيا، بريكارى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ بۆ ئاسايشى سڤيل، ديموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ، دانيێل شاپيرۆ جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى بەرگری بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، به‌ڕێوه‌ چوون.

‎له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا پرسى وزه‌ و گرنگيى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، دۆخی پێکهاتەکان و ئاوارەکان، ئازاديی ڕادەربڕین و مافه‌كانی مرۆڤ، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شه‌نگال، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌ و ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆيان له‌باره‌يه‌وه‌ كرا.

‎شاندى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێزان فەوزی هه‌ريرى، سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تى، فه‌لاح مسته‌فا ياريده‌ده‌رى سه‌رۆك بۆ كاروبارى سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ و نياز ساڵح مسته‌فا به‌رپرسى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و ديپلۆماسى له‌ سه‌رۆكايه‌تى، به‌ ياوه‌ريى خاتوو تریفه‌ عه‌زیز نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ واشنتۆن، بۆ ديدار و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ريكى له‌ سه‌ردانێكى چه‌ند ڕۆژيداين بۆ ئه‌مه‌ريكا.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمڕۆ دۆلار لەم ئاستەدایە

یاسین

لە کاتی هەورە بروسکە ماڵێک ئاگر دەگرێت

دڵشاد

لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەست دا

یاسین