ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

هه‌ولێر.. تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی پۆلی 12ـی ئاماده‌یی به‌ هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23-6-2024، به‌ ئاماده‌بوونی ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و لوقمان سدیق سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر و ره‌گه‌ز ره‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و دلێر عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و سه‌رپه‌رشتیاران و مامۆستایان، تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی پۆلی 12ـی ئاماده‌یی به‌ هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه‌ ده‌ستییپێكرد.
له‌ میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ رایگه‌یاند، ئەمڕۆ لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر هۆڵی تاقیکردنەوەی ئامادەیی کوردستانی کوڕانمان بەسەر کردەوە، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاوکارن لە سه‌رخستن و بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئاماده‌یی لە هەرێمی کوردستان.
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ راشیگه‌یاند، پێش تاقیکردنەوەکان و لەنێو هۆڵه‌كاندا ڕێکارەکان ده‌گیرێنه‌به‌ر، لە هیچ کەسێک نابوورین یاری بە هەستی قوتابییان و خوێندکاران بکات و هانی فریودانیان بدات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ پارێزگاری هه‌ولێر له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ رایگه‌یاند، ئەمڕۆ لە یەکەم ڕۆژ و دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 بە هەموو بەشەکانییەوە، سەردانی ئامادەیی کوردستانمان کرد و یەکێک لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانمان بەسەر کردەوە.
گوتیشی: بێگومان ئەمساڵ ساڵێکی سەخت بوو بۆ مامۆستایان.
هەروەها پارێزگاری هه‌ولێر سوپاسی مامۆستایانی سنووری پارێزگای هەولێر كرد و رایگه‌یاند، مامۆستایان نەیانهێشت ناوەندەکانی خوێندن پەکی بکەوێت.
پارێزگاری هه‌ولێر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لەم دۆخە سەختەدا لە چوارچێوەی پلانەکان بە ئامانجی سەرخستنی بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەموکوڕییەکانی خوێندن له‌ رێگه‌ی دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانە چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، کە به‌شێكن لە زەمینە خۆشکردن بۆ قوتابییان.
پارێزگاری هه‌ولێر باسی لەوەش کرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر، 39 هەزار و 539 قوتابیی پۆلی 12 بەسەر 681 هۆڵی تاقیکردنەوەدا دابەش بوونە.
ده‌شڵێت: لە مانگی ئادارەوە هەموو زەمینە سازییەکمان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی 12‌ له‌پێناو دروستكردنی کەشێکی ئارام بۆ قوتابیان كردووه‌، وێڕای دابینكردنی ئامێری فێنککەرەوە و کارەبای بەردەوام و ئاوی سارد بۆ قوتابیان.

هەواڵی پەیوەندیدار

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی کەرنەڤاڵی پشتگیریی بۆ لیستی 190ی پارتی لە هەولێر بەرێوەدەچێت

سەڵاح

كرێكارێك به‌ هۆی كاره‌باوه‌ گیانی لەدەست دا

سەڵاح

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

یاسین