ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پارێزگاری هەولێر: “ئەمساڵ ئەنجامەکان زۆرباشن و جێگەی گەشبینییە، دەتوانین بڵێن وشکەساڵیمان تێپەڕاندووە”

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.2.15، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “بەناوى خەڵکى هەولێر و پارێزگاى هەولێر، سوپاسى پشتیوانی و پاڵپشتى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین، کە ئەگەر پشتیوانى ڕاستەوخۆى بەڕێزیان نەبووایە بەدڵنیاییەوە لەو دۆخە قەیراناویەوەى هەیە نەدەتوانرا ئەو پڕۆژانە ئەنجامبدرێت، کە بەشێکیان پڕۆژەى درێژخایەن و ستراتیژی بوون و بەشێکى دیکەشیان پڕۆژەى هەنووکەیى و پێویست”.

گوتیشى: “لە دووساڵى ڕابردوودا ڕەزامەندى خەرجکردنى (40 ملیار دینار) لەلایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەرگیراوە، و توانراوە بەشێکى زۆر لە پرۆژەکانى پێ جێبەجێبکرێت، بۆ ئەمساڵیش (18 ملیار و 500 ملیۆن دینار)ى دیکە ڕەزامەندى سەرۆکى حکومەتى هەرێم وەرگیراوە بۆ ئەنجامدانى بەشێکى دیکەى پڕۆژەکان کە لە ئایندەدا جێبەجێدەکرێت”.

ڕاشیگەیاند: “لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لە ئێستادا (24 پۆند) لەژێر جێبەجێکردندان، لەو ژمارەیەش (4 پۆند)یان لە 100% کارەکانیان تەواوکراون و (13 پۆند)ى دیکەش ڕەزامەندیان بۆ وەرگیراوە، ئەوە جگە لە دروستکردنى بەندەواکانى (گۆمەسپان، بەستۆڕە، چەمرگە، ئاقووبان) کە لە ئێستادا بەنداوى گۆمەسپان کە لەسەرووى 65%ى کارەکانى تەواو بووە، (2 ملیۆن و 500 هەزار) مەتر موکەعەب ئاوى تێدایە گڵدراوەتەوە و بەنداوى بەستۆڕەش کە لە سەرووى 55%ى کارەکانى تەواو بووە نزیکەى( 1 ملیۆن مەتر) موکەعەب ئاوى تێدا گڵدراوەتەوە، بەنداوى چەمرگە و ئاقوبانیش کە لە 100% کارەکانیان تەواو بووە، چەمرگە سەرێژبووە و (1 ملیۆن و 200 هەزار مەتر) مکعەب ئاوى تێدا گڵدراوەتەوە و ئاقوبانیش (2 ملیۆن و 500 هەزار مەتر) مکەعەب ئاوى تێدا گڵدراوەتەوە، ئەو جگە لە پاککردنەوەى زیاتر لە (300 کیلومەتر) ڕێڕەوى ئاوى سروشتى باران و فراوانکردن و دروستکردنى بۆکس کەڵڤەرد و پردەکان لە (14) شوێنى دیکە کە لە ڕابردوودا ببونە هۆکارى دروستبوونى لافاو، هەموو ئەوانە و دروستکردنى ئاوەڕۆى سندوقى و پاککردنەوەى (سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكانی ناوشار و دروستکردنى ئاوەڕۆى سندووقى) وایانکرد مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو کەم ببێتەوە.

لەبارەى ڕێژەى دابارینى بارانیش ڕایگەیاند: “تاوەکوە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سنووری پارێزگای هەولێر 372 ملم بارانباریوە، بۆیە دەتوانین بڵێین وشکەساڵیمان تێپەڕاندووە، ئەمساڵ وشکەساڵی ژیگەییمان تێپەڕاندووەو ئەوەی ماوەتەوە وشکەساڵی هایدرۆلۆژییە، کە لە کۆتایی وەرزی بارانبارین پێوانە دەکرێت، بەڵام ئەنجامەکانی زۆرباشن و جێگەی گەشبینییە و دەتوانین بڵێن ئەم وشکەساڵیمان تێپەڕاندووە، هەروەها وشکەساڵی کۆمەڵایەتی، کە دەبێتە هۆکاری شوێنگۆڕکێی مەڕدار و کۆچەرییەکان و چۆلبوونی گوندەکان، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر نەگەیشتووینەتە ئەم حاڵەتە و وشکەساڵی کاریگەریی نەبووە”.

پارێزگارى هەولێر گوتیشی: “بەگوێرەی رووپێوی زانستی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ تێپەڕاندنی وشکەساڵی پێویستی بە بڕی 400 ملم بارانبارین هەیە، بەڵام تاوەکوو ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕی 372 ملم باران لە سنووری پارێزگای هەولێر باریوە، لە ناوچە شاخاوییەکانیش رێژەکە گەیشتووەتە 600 ملم، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمساڵ وشکەساڵی نابێت، چونکە وەرزی دابارین تاکو مانگی پێنج بەردەوام دەبێت”.

لەکۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر، جارێکى دیکە سوپاسى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و هەماهەنگى نووسینگەى بەڕێزیان و سەرۆکایەتى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى کرد و دەسخۆشى لە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدراەکان کرد بۆ هەموو ئەو کارانەى ئەنجامیانداوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

سۆران… چوار کەس لە کافتریایەکدا دەستگیر کران

دڵشاد

بە فەرمان و ڕەزامەندیی مەسرور بارزانى، (100) ڕێگەپێدانى دیكەی دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندووقی ڕادەستى خاوەنەکانیان کرا

سەڵاح