پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندراوێک لەبارەى دەستگیرکردن و ئاشکراکردنى تاوانبارانى سوتاندنى بازاڕى لەنگە و قەیسەری بڵاو كردەوە و تێیدا ناو و ناونیشانی تاوانبارەكانی بۆ رای گشتی ئاشكرا كرد.
لە راگەیەنراوەكەدا ئومێد خۆشناو پارێزگای هەولێر زانیاری لەسەر تاوانبارانی سوتاندنی بازاڕی لەنگە و قەیسەری و چەند شوێنێكی دیكە بڵاو كردەوە، داواشی لە دوكانداران كرد ئەوانەی زەرەرمەندی رووداوی ئاگرەكان بوون، بچن لە بنكەكان سكاڵا تۆمار بكەن بۆ ئەوەی تاوانباران توندترین سزایان بەسەردا بسەپێنرێ.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی پارێزگای هەولێرە:-
بەناوى خوداى بەخشندە و میهرەبان
دوای ئەوەی لە ماوەى ڕابردوودا چەند ڕووداوێکى ئاگرکەوتنەوە لە شارى هەولێر ڕووی دا، کە دواین ڕووداو ئاگرکەوتنەوەکەى شەوی 2024.5.5ى بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر بوو، سوپاس بۆ خودا جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، هەر ئەو کات ڕامانگەیاند، لەو ئاگرانە بە گومانین ڕووداوی سروشتی و ئاسایی بووبێت، هەر بۆیە هاوشاریان و هاووڵاتییانى خۆشەویستى شارەکەمان و دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕەکانمان دڵنییا کردووە، دەست بە ڵێکۆڵینەوە کراوە لە هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە و هەر کاتێک ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە کۆتاهات، هەر کەس و لایەنێک لە پشتەوەى ئەو کارە بووبێت چاوپۆشی لێ ناکرێت و ئەنجامدەری تاوانەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین.
سوپاس بۆ هەردوو وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق و هێزەکانى ئەنجوومەنى ئاسایش و دژەتیرۆرى کوردستان و ئاژانسى هەواڵگریى فیدراڵ و ئاسایش و پۆلیسى هەولێر، کە توانیان لە ماوەیەکى کەمدا و بە هاوبەشى لەگەڵ یەکتر ئەو تۆڕە تاوانکارییە تیرۆرستییە ئاشکرا بکەن و دەستگیریان بکەن کە یەکێکیان سەرپەشتیارى تاقمەکەیە بەناوى “هونەر فەخرەدین ئەحمەد” کارمەندی یەکەی حەفتایە و ئەوەی دیکەشیان “محەمەد نەجات حەسەن” ئەفسەری دژە تیرۆرە لە سلێمانی (CTG) و لەلایەن ڕاهێنەرانی چەکدارانی “پەکەکە” ڕاهێنانیان پێ کراوە تاکو ئەو کارە تیرۆریستییانە ئەنجام بدەن و زیان بە هاووڵاتییانی شارەکەمان و، شارەکانى دیکە دهۆک و کەرکووک و چەند ناوچەیەکی تر بگەێنن.
ئامانجى ئەو تۆڕە تاوانکارەی “پەکەکە”، کە بەشێوەیەکى بەرنامە بۆداڕێژراو و رێکخراو تێکدانى ئارامى و ئاسایشى هەولێرى پایتەخت و لێدان لە ئابووری و بڕینی سەرچاوەی قووتی هاووڵاتییانى شارەکەمان بووە، جگە لەوەش لە دانپێدانانەکانیان ئاشکرایان کردووە كە لە بەرنامە و پیلانیان دابووە وێڕاى سوتاندنی بازاڕەکانی لە نگە و قەیسەری، شوێنى دیکەى هەولێریش بە هەمانشێوە بسووتێنن، لەوانە (بازاڕى میلـلی و شوێنى بازرگانى و کێڵگەى کشتوکاڵى و پاڵاوگە و شوێنە گەشتیارییەکانى شەقلاوە و سیروان مۆڵ و هێڵى گواستنەوەى کارەبا).
ئەو گرووپە تیرۆرستییە، مەرامیان بوو گورزی کوشندە لە ئابووری هەموو خەڵک بدەن و دەست لە هیچ بازاڕ و شوێنێکى هەولێرى پایتەخت نەپارێزن و زیانى گەورە بە ژێرخانی ئابووری شارەکەمان بگەیەنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا، کە توانرا بە لێهاتوویی و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکان هەر زوو ئەو دەستە ڕەشە نەگریسە ئاشکرا بکرێت و تاونباران و ئەوانەشى لە پشت ئەو کارە تیرۆرستییە قێزەوەنە بوون ڕووى ڕەشیان بدۆزرێتەوە و بە سزایی عادیلانەى خۆیان بگەن.
لێرەوە جارێکى دیکە، دەستخۆشی لە هێزە ئەمنیەکانى هەردوو وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى عێراقى فیدراڵ دەکەین و هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەشمان دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بە پشت بەستن بە توانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵیان، داواش لەو کاسبکار و دوکاندارانە دەکەین کە بەهۆى ئەو ڕووداوە تیرۆرستییەوە زەرەرمەندبوونە، لە نزیکترین بنکەکانی پۆلیس و لە دادگا سکاڵا لە سەر ئەو تیرۆرستانە تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی باجی قورسى ئەو زیانانە بدەن کە بە قووت و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانیان گەیاندووە.
لە ئێستاشدا وێڕاى نۆژەنکردنەوەى بازاڕى لەنگەى شارى هەولێر کە لە قۆناغى کۆتاییدایە، لە هەردوو بەشى بازاڕی قەیسەری، قەیسەریی کۆن و قەیسەریی نوێ، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەى ڕێزدار مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بە گوژمەی (پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار) لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر، نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە لە رێگەی دوو کۆمپانیاوە و بەکارکردنى سێ شیفت و بە شەو و رۆژ نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە بەردەوامە، هەموو هەوڵێکى خۆشمان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەى لە نزیکترین کاتدا و بەر لەوادەى تەواوبوونى ماوەى پڕۆژەکە، نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە بە کۆتابێت و لە زووترین کاتدا ئەو بەشەى بازاڕى قەیسەرى بە ڕووى هاووڵاتییان بکرێتەوە و کاسبکار و دوکاندارانى زیانلێکەوتووش بگەڕێنەوە سەرکار و کەسابەتى خۆیان.
ئومێد خۆشناو
پارێزگارى هەولێر
2024.7.1