ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

حکوومەتی عێراق ھاوپەیمانان تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌وا ھێرشەکەی شەوی ڕابردوویان بۆسەر حەشدی شەعبی ئەنجامدا بێت

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕایگەیاند ئەو ھێرشەی کە شەوی ڕابردوو کراوەتە سەر حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل، لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش ئەنجامدراوە.

لیوا یەحیا ڕەسوڵ ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ھێڕشەکەی شەوی ڕابردوو بۆسەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: ” سەرەڕای ھەموو ھەوڵەکان کە لەڕێگەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان و لیژنە تەکنیکییە باڵاکانی سەربازییەوە بۆ گەیشتن بە قۆناغی کۆتاییھێنان بە دۆسیەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق خراوەنەتەگەڕ، بەڵام شەوی ڕابردوو لە کاتژمێر 10:45 ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی تاوانێکی قێزەون و ھێرشێکی ئاشکرایان کردووەتە سەر بارەگە ئەمنییەکانی عێراق لە باکووری پارێزگای بابل“.

ڕاشیگەیاندووە کە لە ئاکامی ھێرشەکەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی ھێزەکانی حەشدی شەعبی کوژراون و برینداربوون.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھێرشەکەی شەوی ڕابردوو بۆسەر حەشدی شەعبی لە بابل بە سەرپێچییەکی مەترسیدار لەقەڵەمدراوە و ھاتووە: ” ئەم جۆرە سەرپێچییە مەترسیدارە، تا ڕادەیەکی زۆر کاری ھاوبەشی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تێکدەدات، ھەروەھا عێراق و تەواوی ناوچەکە پەلکێشی نێو ململانێ و شەڕ دەکات کە دواتر کاردانەوەی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە“.

ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە: “ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لە دەستدرێژییەکانی ئەو ھێرشە“.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەنجامدانی ئەو جۆرە ھێرشانە، پێشیڵکاریی مەترسیدارن و دووپاتی کردووەتەوە کە عێراق لە ڕووی یاسایی و دیپلۆماسییەوە، ڕێوشوێنی گونجاو دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری خاکەکەی.

پێشتر حەشدی شەعبی ڕایگەیاندبوو کە درەنگانی شەوی ڕابردوو، بارەگایەکی لیوای 47ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە سەربە حەشدی شەعبی لە ناوچەی جورف سەخر باکووری پارێزگای بابل، لەلایەن فڕۆکەیەکی بیفڕۆکەوانی ئەمریکاوە بۆردومان کراوە و بەھۆیەوە چوار چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازى له‌ كونسوڵى نوێى به‌ريتانيا کرد

سەڵاح

پرۆسەی هەناردەکردنی پەتاتە بۆ ئیمارات دەستی پێکرد

یاسین

راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدڕاڵ

یاسین