ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

هاورده‌كردن و مامه‌ڵه‌كردن به‌ مادده‌یه‌كی مه‌ترسیدار قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

بە هۆكاری ئەوەی مادەی ئەسبستۆس دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵەكردن و هاوردەكردنی ئەو كەرستانە قەدەغە دەكات، كە ئەو مادەیان تێدایە. وەزیرێکیش ڕوونکردنەوەی لەبارەوە دەدات.

بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە لە 4ی2ی 2024 دەرچووە و كۆپییەكی دەست (ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس) كەوتووە، ئاماژە بە قەدەغەكرنی مادەیەك كراوە، كە هۆكاری شێرپەنجەیە.

نووسراوەكە پشتی بەستووە بە نووسراوی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی، جەخت كراوەتەوە، كە مامەڵەكردن و بەكارهێنانی مادەی ئەسبستۆس قەدەغە دەكرێت.

لە نووسراوێكی وەزارەتی دارایی، كە دەست (ئاژانسی هه‌واڵی زاگرۆس) کەوتووە و بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە، هاتووە: “دوای بەدواداچوونمان ئەوە پشتڕاست دەكەینەوە، كە مادەی ئەسبستۆس هۆكارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، بەتایبەت شێرپەنجەی قوڕگ و بۆڕیی هەناو، بۆیە دەبێت مامەڵەی پێوە نەكرێت و رێگە نەدرێت هاوردە بكرێت.”

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند: “لەسەر مادەی ئەسبستۆس ئێمە نووسراومان بۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان کردووە و جەختمان کردووەتەوە، کە پشتیوانیی ڕێکاری قەدەغەکردنی مادەی ئەسبستۆس دەکەین، لەسەر ئەو پرسە چەند نووسراوێکمان کردووە.”

د.سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەش دا: “مادەی ئەسبستۆس قەدەغەیە، چونکە زۆر ترسناکە و شێرپەنجە دروست دەکا، بۆیە بەپێی پێوانەسازیی عێراقی مادەیەکی قەدەغەیە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان مامەڵەکردن و هاوردەکردنی قەدەغە کردووە.”

 

شوان به‌رزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار

ئاگاداریەک لەوەزارەتی پەروەردەوە

یاسین

بەهجەت سپینداری: ئەرکێ مە خزمەت کرنە چۆنکە پارتییە خودانا ڤی مللەتی

یاسین

سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی زەعفەران

lana