لە چەند وەزارەتێکی عێراق دۆسیەی گەورەی گەندەڵی بەدیدەکرێت، بەڵام هەندێک لایەنی سیاسی رێگرن لەوەی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانە بکات.
یاسر حسێنی، سەرۆکی فراکسیۆنی “ئەلئەمال” لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت؛ جۆرێک لە پاریزگاریکردن هەیە لەو کەسانەی سەرقاڵی گەندەڵین، پاریزگارییەکە بەشێوەیەکە رێگە نادرێت پەرلەمان بە ئەرکی چاودێریکردن و لێپرسینەوە هەستێت.
یاسر حسێنی ئاماژە بەوە دەکات، چەندین کەیسی گەورە هەن کە گومانیان لێ دەکرێت گەندەڵی بن لە وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق، بەڵام رێگە بە پەرلەمانتاران نادرێت بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسانە بکەن و لیپێچینەوە لە گەندەڵکاران بکەن.
بە گوتەی ئەم سەرۆک فراکسیۆنە، بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکان بوونەتە پارێزەری ئەو گەندەڵکارانە بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندی هاووبەشیان هەیە و رێگە نادەن رێکاری یاسایی لە دژیان بگیررێتەبەر.