ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سوودانى فه‌رمان به‌ وه‌زیری ناوخۆ ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مووشه‌كهاوێشتنى شه‌وى ڕابردووى به‌غدا بكرێت

 

دواى ئه‌وه‌ى شه‌وى ڕابردوو دوو مووشه‌ك ئاراسته‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌غدا و باره‌گایه‌كی سه‌ر به‌ هێزه‌كانى دژه‌ تێرۆری عێراق كران، محه‌ممه‌د شیاع سوودانى، وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق فه‌رمانى به‌ وه‌زیری ناوخۆ كرد لێكۆڵینه‌وه‌ى ورد له‌و باره‌وه‌ بكرێت و له‌ ماوه‌ى 48 كاتژمێردا ئه‌نجامه‌كان ڕابگه‌یه‌ندرێن.

یه‌حیا ڕه‌سوول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: “محه‌مه‌د شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وەزیری ناوخۆى ڕاسپارد کە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا ئەنجام بدات بۆ زانینی هۆکارەکانی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییە كه‌ ژمارەیەک مووشەکی کاتیۆشا لە ناوچه‌ى عامریه‌وه‌ ته‌قێنران”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ له‌ ماوه‌ى 48 كاتژمێردا ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كان و دەستنیشانکردنی لایەنە کەمتەرخەمەکان ڕابگه‌یه‌نن.

شه‌وى ڕابردوو، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكرده‌وه‌: “کاتژمێر (00:20ی 1ی تشرینی یەکەم) دوو موشەکی کاتیۆشا کەوتوونەتە خوارەوە، یەکەمیان لە گەراجی فەوجی دووی عێراقی سه‌ر به‌ دەزگای دژه‌ تیرۆر بووه‌”.

به‌پێی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌، مووشەکەکەی دیکە لە گۆڕەپانێکی چۆڵکراوی ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کەوتووەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ بریندار و زیانێکی مرۆیی تۆمار بکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوه‌، “هێزە ئەمنییەکان شوێنی هەڵدانی مووشەکه‌كانیان لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا لە گوندی عه‌سڕییه‌ لە ناوچەی ئەلعامریە لە ڕۆژئاوای بەغدا دۆزیەوە و له‌ ناو كیا بارهه‌ڵگره‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك مووشه‌كی دیكه‌ هه‌بوون كه‌ نه‌ته‌قێنرابوون”.

هەواڵی پەیوەندیدار

میری ئێزدییان لە کوردستان و جیهان پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات

سەڵاح

په‌رله‌مانتارێك بۆ سوودانى: چوار هه‌زار تۆن مه‌وادى ته‌قینه‌وه‌ له‌ به‌نده‌ره‌كانى به‌سڕه‌ هه‌ڵگیراون

سەڵاح

بنکەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری ئەوروپا هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره‌، له‌ ئاماده‌باشیه‌كی ته‌واو دان

سەڵاح