ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

لە سووریا ١٧ کەس لە تێکهەڵچوونی لایەنگرانی ئەسەد و پۆلیسدا کورژان

لە سووریا ١٤ ئەفسەری پۆلیس بەدەستی ئەو کەسانەی کە دەگوترێت “لایەنگرانی ڕژێمی بەشار ئەسەد”ن و سێ کەس لە هێرشکەرانیش لە کاتی پێکدادانەکاندا کوژران. لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا ئەندامانی کەمینەی عەلەوی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
سووریا دوو هەفتە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد هێشتا لە ناسەقامگیری دایە. حکومەتی کاتیی ئەم وڵاتە ئێوارەی چوارشەممە، ٢٥ کانوونی یەکەم ڕایگەیاند، لە کاتی هێرشکردنە سەر هێزەکانی پۆلیس لە پارێزگای تەرتووس ١٤ ئەفسەر “بەدەستی لایەنگرانی ئەسەد کوژراون”.
وەزارەتی نێوخۆی سووریا بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی تێلێگرام هەروەها هەواڵی بریندارکردنی ١٠ ئەفسەری دیکەی ڕاگەیاند.
ئەم وەزارەتە لەم بارەیەوە باسی لە “کردەوەی ترسنۆکانەی پاشماوەی ڕژێمی ئەسەد” کرد و جەختی کردەوە “بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە دەکات بیانهەوێت ئاسایشی سووریا و گیانی هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە بخەنە مەترسییەوە”.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریا کە بارەگاکەی لە لەندەنە، جگە لە ١٤ ئەفسەری پۆلیس، سێ کەس لە هێرشبەرانیش لە کاتی پێکدادانەکاندا کوژراون. ئەفسەرانی پۆلیس پێش ئەوە ویستوویانە ئەفسەرێکی ڕژێمی ئەسەد دەستگیر بکەن کە دەوترێت یەکێک لە بەرپرسانی تاوانەکانی زیندانی ترسناکی سەیدنایا بووە.
هاوکات کەمینەی عەلەوی بەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کە تێیدا هێرش و بێڕێزی بە یەکێک لە شوێنە پیرۆزەکانی عەلەوییان دەبینرێت، لە چەندین شاری سووریا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان کرد.
ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا بە گواستنەوە لە شایەتحاڵەکانەوە هەواڵی خۆپیشاندانی لە شارەکانی تەرتوس، بانیاس، لازقیە و جەبلە کە دەکەونە کەناری دەریای نێوەڕاست، بڵاوکردەوە. هەروەها دەگوترێت خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە شاری قەرداحە کراوە. ئەم شارە زێدی حافز ئەسەد، دامەزرێنەری حوکمی بنەماڵەی ئەسەدە.
بەپێی هەندێک ڕاپۆرت ژمارەی ئەو کەسانەی بەشدارییان لەم خۆپیشاندان و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا کردووە، هەزاران کەس بوون.
وەزارەتی نێوخۆی سووریا لەم بارەیەوە هۆشداریی دا ئەم وێنانەی لەم ڤیدیۆیەدا دەبینرێن، پەیوەندییان بە مانگی نۆڤەمبەرەوە هەیە و ئێستا “بە مەبەست بڵاوکراونەتەوە تا ناکۆکییەکان زیاتر بکەن”.
پێش ئەوە بەرپرسانی سووریا هەواڵی قەدەغەکردنی هاتوچۆی شەوانەیان لە شاری حمس ڕاگەیاندبوو. میدیا حکومییەکانی سووریا لەم بارەیەوە هەواڵی ڕوودانی ناسەقامگیرییان لە کاتی خۆپیشاندانی کەمینەی عەلەوی و شیعە بڵاوکردەوە کە بە لایەنگری دڵسۆزی بەشار ئەسەد دادەنرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

پلەکانی گەرما دادەبەزێت

یاسین

نرخی زێڕ لە هەلکشانە

سەڵاح

محەمەد بەشیر بە فەرمی ڕاسپاردنى بۆ سەرۆکایەتيی حکوومەتی سووریا ڕادەگەیەنێت

یاسین