شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به ئامادهبوونى عهبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت، پێشوازی لە یـان برێم، کونسولی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسيی یاوەری کرد و باس لە ڕەوشی ئەمنی و سیاسيی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
پرسی چاکسازی و بنیاتنانی دوو ناوچەی سەرکردایەتيی سەربازی، دامەزراندنی 6 فیرقـەی پیادە لە ئێستادا و هەوڵدان بۆ بنیانتانی فیرقەی زیاتر لەژێر سەرکردایەتيی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەدا، تەوەری سەرەکيی کۆبوونەوەکە بوو.
وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند “ئامانجی وەزارەت بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانيی کوردستانییە، کە لەم پێناوەشدا هەوڵەکانمان چڕکردوونهتهوه و بەردەوام و پێداگرین لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی“.
کونسولی گشتیی فەرەنسا، دڵخۆشيی خۆی دەربڕی و پەیامی پاڵپشتی و پشتیوانيی گەل و حکومەتی فەرەنسای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوه و ڕایگەیاند: دڵخۆشین و چاوەڕێین لەمساڵدا وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی زۆرباش لە پرۆسەی چاکسازی ببڕێت.