ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئیدریسی ئازیز سڵاو له ‌گیانت

 

فازڵ میرانی

هەرکات ساڵیادی کۆچی دواییت هاته‌وه‌، ئەو دیمەنە ئازاربەخشانەی كه‌ دیمان دێته‌وه‌ به‌رچاومان، كه‌ جگە لە باوەڕبوون بە قه‌زا و قه‌ده‌ری خودا و ، بڕوابوون به‌ گەلەکەمان و حزبەکەمان بۆ وه‌فاداری بۆ ئەمانەتەکە، له‌ ئازارەكه‌مان كه‌م ناكاته‌وه‌.
ئێمە شتێك كه‌ خودا پێی ڕازی نه‌بێت ناڵێین و ڕازین به‌قه‌زا و قه‌ده‌ری خودا و به‌وه‌ی كه تۆ ‌یه‌ك له ‌به‌نده‌كانی و له‌ به‌هه‌شتی فراوانی دایت.
هەوڵ و ماندووبوونتان به‌فیڕۆنه‌چوو، هەر هەوڵێکتان لە کارەکانتان لە ناو حزبدا لە ماوەی ژیانی مستەفا بارزانی باوکتان و دوای وه‌فاتی ئه‌ویش، و هەر سەختییەکیش کە لە پێناو گەلەکەتدا زاڵ بوویت به‌سه‌ریدا له‌ ناوخۆ و ناوچه‌كه‌دا و لە نێو هاوکێشە ئاڵۆزەکاندا، و هەر قوربانییەک کە لە هێزی دڵتی بردووه‌ تا له‌ لێدان كه‌وت، هەموو ئەوانە به‌ریان گرت و بوونه‌ هێز و گەشە و هاندان و، بوونه‌ پاڵنه‌ر بۆ بزووتنەوەکەمان بۆ هەنگاونان بەرەو خەونەکەت، کە کوردستانێکی ئازاد و پڕ‌شكۆ بوو.
سێ دەیە و چەند ساڵێک تێپەڕیوە و ئاسه‌‌واره‌كانت هێشتا زیندوون و ڕۆحی تۆیان تێدایه‌ و ، هزره‌ ناوازەكه‌ت و خۆشه‌ویستیت بۆ كه‌سانی ده‌وروبه‌رت و دڵسۆزیت بۆ به‌ڵێنه‌كه‌ت كه ‌به‌ باوکت و براکەت و گه‌له‌كه‌ت و ، حزبه‌كه‌ت دابوو ، ده‌یانجوڵێنێت.
تائێستاش ئافره‌ت و پیاوان به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانی تۆیان وه‌كو باوكێك ‌له‌ كاتی شەڕ و په‌ناهه‌نده‌ییدا لەیاد ماوه‌ و تائێستاش وێنەی تۆ به‌ زەردەخەنەوه‌ كه‌ سەختی و ناخۆشییه‌كانیانی له‌بیرده‌بردنه‌وه‌، هه‌ر له‌یاد و بیر و هۆشدا ماوه‌.
ڕه‌شه‌بای سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان كه‌ به‌ڕووی گه‌له‌كه‌ماندا هه‌ڵیكرد نه‌یتوانی ڕووناكی وشه‌ ڕاسته‌كانتان وا لێبكات كه‌ نه‌گەنە ئه‌وپه‌ڕی سنوورەکانی خۆیان لە قەناعەت پێکردنی زۆران به‌ به‌رده‌وامیدان به‌ خۆڕاگری.
مینبه‌ره‌كانی قسەکردن هه‌رده‌م تۆ و وشه‌ بوێر و ڕاستگۆكانتیان له‌یاده‌، هەموو وشەیەک لە شوێنی خۆی و بۆ مەبەستی خۆی و ، گه‌وره‌ بڕیاربه‌ده‌ستان هه‌تا ئه‌وانه‌ش كه‌ دژت بوون تۆیان بیردێته‌وه‌ کە تۆ ڕاستگۆ و بوێر بوویت.
بێگومان مێژوو بوارێكی فراوانتر و لاپەڕەی درێژتر بۆ تۆمارکردنی خه‌باته‌كه‌ت كه‌ لە منداڵییەکی تێکەڵاو بە هۆشیارییەكی پێشوه‌خته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ دەستکەوتە گەورەکان لە تافی لاویدا تا دەگاتە وه‌غه‌ركردنێكی زۆر زوو و ئازاربه‌خش كە ناخۆشی و ئازاره‌كانی ئێمەی زێده‌تر كرد، لە كاتێكدا کە گۆڕەپانەکانی کاركردن بەرگەی نەبوونی تۆیان نەدەگرت.

ئازیزمان ئیدریسی كۆچكردوو:

سڵاو لە ڕۆحی پاکت کە له ‌به‌خشه‌نده‌ییدا هه‌موو شتێكی پێشكه‌ش كرد و لە نێو گەلەکەت و خاکەکەتدا توایه‌وە و تێکەڵ بە خەندەقه‌كان و قەڵەم و دواڕۆژی دروست كرد.
سڵاو لە یادت بێت هه‌رچه‌نده‌ كه ‌تۆ هه‌رده‌م له‌یادیت و به‌زیندوویی مایته‌وه‌، تۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه ‌یادت ده‌كه‌ینه‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ هەرگیز هه‌ر زیندوو بیت.
سەبارەت بەوانه‌ش كه‌ باوەڕیان بەوه‌ هەبووە کە تۆ باوەڕت پێی بوو، ئەوانە هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بەڵێنه‌ن كه‌ بە باوکت و تۆیان دابوو، بەردەوامین لە هەنگاونانی به‌رده‌وام لەسەر ئەو ڕێبازەی کە ئێوه‌ سه‌رقافڵه‌كه‌‌ین، سەبارەت بەوانەش كه‌ دژایه‌تیی بیروباوه‌ڕه‌كه‌ت ده‌كه‌ن و هەوڵ دەدەن ئێستا و داهاتوو بە چاوی خراپەکاریی ڕابردوو دروست بكه‌ن، ئەوانیش نەوەستاون، کار و نەزانییان به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ئێمە بەردەوامین لە جۆشدانی عەقڵەکان بە پاکی و بێگه‌ردی و قسه ‌ڕوون و كرداره‌‌كانی تۆ و باوکت، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌ك به‌ربه‌ستێكی به‌هێز به‌ڕووی ئەو پڕۆژە تێکدەرانە بوه‌ستینه‌وه‌ کە ده‌یانه‌وێت مافی نه‌ته‌وه‌كه‌مان نه‌ده‌ن.
دروود له‌ گیانی پاكت، خۆشه‌ویستی دڵان، كاك ئیدریس، ئەی شەهیدی کوردستان و مرۆڤایەتی.

* به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار

پارێزگاری هەولێر ئاماری گه‌شتیاران و رووداوه‌كانی جەژنی قوربانی ئاشكرا كرد

سەڵاح

پشوو راگەیندرا

یاسین

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات

دڵشاد