ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئه‌مه‌ریكا چوار سه‌رمایه‌داری ئێرانی سزا دا

ئه‌مه‌ریكا سزای دارایی سه‌پاند به‌سه‌ر چوار سه‌رمایه‌دار كه‌ له‌ تاران دانیشتوون و تۆمه‌تبارن به‌ پاره‌داركردنی میلیشیای شیعی ”ئه‌شتار” له‌ به‌حرێن، گرووپه‌كه‌ له‌ لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكادایه‌.

ئاژانسی ”ڕۆیته‌رز” بڵاوی كرده‌وه‌، سزادانی كه‌سایه‌تییه‌ ئێرانییه‌كان به‌هۆی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌شدار بوون له‌ هاوكاری سه‌ربازی و دارایی و مرۆیی و ته‌كنه‌لۆجی میلیشیا شیعییه‌كه‌ی ئێران له‌ به‌حرێن به‌ ناوی ئه‌شتار، كه‌ له‌ لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكادایه‌.

برایان نێڵسن یاریده‌ده‌ری وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری تیرۆر و هه‌واڵگریی دارایی، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای گه‌یاندووه‌، سزاكانی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، پابه‌ندبوونی واشنتن دووپات ده‌كاته‌وه‌ به‌ له‌قاڵبدانی میلیشیا شیعییه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌مه‌ریكا ڕێ نادات ئێران دارده‌سته‌كانی پاره‌دار بكات.

له‌ ساڵی 2018 ئه‌مه‌ریكا میلیشیای ئه‌شتاری خسته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌، گرووپه‌ چه‌كداره‌كه‌ شیعییه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ژێر هه‌ژموونی ئێراندا له‌ به‌حرێن ده‌جووڵێته‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، سزا ئابوورییه‌كه‌ به‌ هاوئاهه‌نگی بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌حرێن.

به‌مدواییه‌ ئه‌مه‌ریكا و ئێران گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغێكی نوێی پێكدادان، هۆكاری سه‌ره‌كی قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان، بریتییه‌ له‌ هێرشی میلیشیا شیعییه‌كانی ناوچه‌كه‌ بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ دیاریكراوی قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی شه‌ڕی غه‌زه‌ وه‌ك هه‌لێك بۆ به‌ئامانجكردنی كه‌شتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ده‌ریای سوور و په‌رپه‌چدانه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن حووسییه‌كانی یه‌مه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵدا زۆرترین هەناردەی تورکیا بۆ عێراق بووە

سەڵاح

رێکخراوەكان: ئێران، عێراق و سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووبەڕووی کەمیی ئاو دەبنەوە

سەڵاح

گروپە چەکدارەکانی ئێران ئاماده‌ی شەڕن

یاسین