zagros news agency

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (36)ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

 

لە سی و شەشەمین ساڵیادی کیمیارانکردن و کۆمەڵکوژیی شاری هەڵەبجەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی بێتاوانی ئەو شارە خۆشەویستەی کوردستان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی دڕەندەیی ڕژێمی پێشووی عێراق و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو، کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لە یاد بێت و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە کە ئەوە مافێکی ڕەوا و دەستووریی خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکەن.
خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و مانگی ڕابردوو لە کاتی سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ڕەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو داواکارییانە دا کە لەلایەن بەڕێزان پارێزگار و بەرپرسانی کارگێڕیی دەڤەرەکە خرانەڕوو. هیوادارين لە داهاتوودا، بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی نیشتمانپەروەر و قوربانیدەری هەڵەبجە بکەین.
شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە و هەموو ئەو جینۆسایدانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون، هەمیشە لە یادمانن و هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین هیچ شتێک ئەم تاوان و شەرمەزارییانە لەبیر خۆمان و لەبیر دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا بباتەوە و دەبێ بەردەوام بەبیریان بهێنینەوە کە پێویستە قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکەنەوە.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

گوتەبێژی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل: هاتن و چوون ئاساییه‌ و هیچ گرفتێك نییه‌

سەڵاح

‎گه‌شته‌كانی عومڕه‌ به‌ رێگای ئاسمانی ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌

دڵشاد

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی پاکستان دەکات

سەڵاح