بەرەی کوردستانیی سووریا ڕایگەیاند، ئەنجامەکانی کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیی سووریا، ھیچ کاتێک ئومێدەکانی گەلی کورد نیشان نادات. داواشی لە لایەنە کوردییەکان کرد کۆببنەوە و بۆچوونێکی سیاسیی ھاوبەش دەربخەن.
بەرەی کوردستانیی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕەخنەی توندی لە ئەنجامنامەی کۆنگرەکە گرت و بە تایبەتی لەو ماددەیەی جەخت لەسەر “پاراستنی یەکپارچەیی کۆماری عەرەبیی سووریا و ڕەتکردنەوەی ھەر جۆرە دابەشبوونێک” دەکات. بەرە دەڵێت، ئەم جەختکردنەوەیە و بەردەوام ناونانی سووریا بە عەرەبی، بەو مانایە دێت مەبەست کوردە، چونکە ھەرکاتێک کورد داوای مافەکانی خۆی بکات، بە بیانووی پارچەکردنی وڵات تاوانبار دەکرێت.
ڕاگەیەندراوەکە دەشڵێت، ئەمە وەک پشتگوێخستن و فەرامۆشکردنی مافەکانی گەلی کورد وەک دووەم گەورەترین نەتەوەیە لە سووریا و ئەمە لە کاتێکدایە ئەوان بەردەوام داوای درووستکردنی سووریایەکی دیموکرات و فرەڕەنگ دەکەن کە ڕێز لە مافەکانی ھەموو پێکھاتەکان بگرێت. ھەروەھا بەرە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی دوورخستنەوەی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کورد لە بەشداریکردن لە کۆنگرەکەدا.
بەرەی کوردستانیی سووریا جەختی کردەوە ئەوان ئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە قبوڵ ناکەن و ھیچ پەیوەندییەکی دوور و نزیکیان پێوە نییە. ھەروەھا ھەر ھەوڵێک بۆ دروستکردنەوەی ئەو سیستەمە ناوەندییەی کورد و پێکھاتەکانی دیکە دوور بخاتەوە و دان بە مافەکانی کورددا نەنێت، ڕەتدەکەنەوە.
بەرە پێیوایە، ھیچ چارەسەرێک لە سووریا بە ڕێگەی بنیاتنانەوەی سیستەمی ناوەندییەوە بەدی ناێت، بەڵکو تەنھا لە ڕێگەی بنیاتنانەوەیەکی دیموکرات و فیدراڵەوە کە مافەکانی ھەموو پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی بپارێزێت.
بەرەی کوردستانیی سووریا لە کۆتاییدا، داوا لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردیی سووریا (ENKS) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) دەکات لە زووترین کاتدا کۆببنەوە و بۆچوونێکی سیاسیی ھاوبەش دەربخەن داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد لە سووریا لەبەرچاو بگرێت و بەشداریکردنیان لە ھەر پرۆسەیەکی سیاسی لە داھاتوودا مسۆگەر بکات.
