zagros news agency

بەرپرسی وزەی ئەتۆمیی ئێران: پیتاندنی یۆرانیۆم مافی ئێمەیە و کەس ناتوانێت پێشمان پێ‌بگرێت

محەمەد ئیسلامی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، بە پشتبەستن بە گوتەکانی ڕێبەری ئەو وڵاتە سەبارەت بە بەردەوامیدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم، جەختی کردەوە، ئەم تەکنۆلۆژیایە مافێکی ڕەوای گەلی ئێرانە و هیچ لایەنێک بۆی نییە ئەم مافە پشتگوێ بخات یان ڕێگریی لێ بکات.
ئیسلامی، پیشەسازیی ئەتۆمیی بە “پیشەسازیی دایک” وەسف کرد و گوتی: “ئەم پیشەسازییە هۆکاری پەرەسەندن و پێشکەوتنی هەموو بەشەکانی زانست و تەکنۆلۆژیایە و دەتوانێت وەک پاڵنەرێکی گەشەسەندن کاریگەریی هەبێت.”
ناوبراو زیادی کرد: “کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو قوربانییانەی لەم ڕێگەیەدا داویەتی و ئەو گەنجانەی لەلایەن زایۆنیستەکانەوە تیرۆر کراون، خۆی توانیویەتی ئەم دەستکەوتە بەدەست بهێنێت. لە هیچ وڵاتێکەوەی نەکڕیوە و هاوردەی نەکردووە.”
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: “بۆیە بەپێی مافە یاساییەکان، گەلی ئێرانیش مافی خۆیەتی خاوەنی ئەم تەکنۆلۆژیایە بێت و بەپێی ڕێسا نێودەوڵەتییەکانیش، هیچ کەسێک بۆی نییە ئەم مافە پشتگوێ بخات، ڕەتی بکاتەوە یان ڕێگریی لێ بکات.”
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترامپ، کۆماری ئەمریکا پێشتر چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە، هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێراندا ئیمزا ناکرێت، ئەگەر ڕاگرتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەم وڵاتە لەخۆنەگرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆكی حكومەت قۆناخی دووەمی كۆڕنیشی زاخۆی كردەوە

سەڵاح

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی پارتی سۆسیاليست دیموکراتی کوردستان

سەڵاح

مەسرور بارزانی: دڵگران بووم بە لافاوە کارەساتبارەکەی ئیسپانیا

سەڵاح