ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت و نوێنەری حکومەتی هەرێم لە لیژنەی جێبەجێکاری ماددەی ١٤٠ لە بەغدا دهلێت: “ئەگەر ماددەی ١٤٠ و یاسای نەوت و غاز لە بەرژەوەندی کورد نەبوایە بە پێچەوانەوە لە بەرژەوەندی لایەنی عەرەبی بوایە لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٠٥ جێبەجێ دەکرا، چونکە لە بەرژەوەندی کوردە کۆسپ و تەگەرە دروست دەکەن بۆ ئەوەی جێبەجێ نەبێ لە بری ئەوەی زەمینە سازی بکەن بۆ جێبەجێکردنی”.
دژوار فایهق بۆ زاگرۆس گوتی: “بە نسبەت یاسای نەوت و غازەوە ئەمەوێ بڵێم بابەتی نەوت لە دەسەڵاتی حەسری حکومەتی ئیتیحادی نیە کە لە ماددەی ١١٠ ی دەستووردا هاتووە و لە ماددەی ١١٢ هاتووە کە هەرێم و پارێزگاکان ئەتوانن مەلەفی نەوتی ئەو بیرە نەوتانە بەڕێوە ببەن کە لە دوای ٢٠٠٣ دۆزراونەتەوە و لە ماددەی ١١٥ شدا هاتووە لەسەر هەر بابەتێک ناکۆکیەک بکەوێتە نێوان هەرێم و پارێزگاکان، و حکومەتی ئیتیحادی ئەوا لە بەرژەوەندی هەرێم و پارێزگاکان یەکلایی ئەبێتەوە.
ئهوهشی خستهروو: پەرلەمانی عێراقی تا ئێستا یاسای نەوت و گازی دەرنەکردەوە چونکە دەسەڵات داران لە بەغدا دەزانن هەرێم لەوێ دەسەڵاتی هەیە لە ئیدارەدانی مەلەفی نەوتی لە سنووری خۆی بۆیە یاسای نەوت و گاز دەرناچوێنێ.ڕەحمەتی مام جەلال تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەڵێت بەڕێز مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێمەی وت ئەگەر لە ٢٠٠٧ یاسای نەوت و غاز لە پەڕلەمانی عێراق دەرنەچوو ئێوە ئازادن لە ئیدارەدانی مەلەفی نەوتی لەلای خۆتانەوە، چەندین ڕێککەوتنیش کرا لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت بەڵام لە ئاکام بەغدا لێی پاشگەز بۆوە، چونکە بەغدا بە ئەنقەست ئەیەوێت مەلەفی نەوتی بە مەرکەزی بەڕێوە بچێت و حکومەتی عێراقی بەتەنها ئەو دەسەڵاتەی هەبێت، ئەمەش کڕۆکی کێشەکانە.
دهشلێت: من پێشنیار ئەکەم بۆ چارەسەری کێشەی نەوت و گاز کە کارایی لەسەر بودجە و مووچەشدا هەیە لایەنی کوردستانی پێداگیری بکەن لەسەر دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز لەبەر ڕۆشنایی ماددەی ١١٢ دەستووری عێراق، هەروەها هەماهەنگی بکەن لەگەڵ ئەو پەڕلەمانتارانەی نوێنەرایەتی ئەو شارانە ئەکەن کە نەوتی لێدۆزراوەتەوە دوای ٢٠٠٣ کە ئەوانیش دەنگبدەن بۆ یاسای نەوت و غاز کە دەسەڵات بە هەرێم و پارێزگاکان ئەدات، چونکە ئەو پارێزگایانەیەش سوودمەند ئەبن لە جێبەجێکردنی ماددەی ١١٢ دەستووری.
دژوار فایهق ئاماژهی بهوهشدا : بۆیە حکومەتی عێراقی فیدراڵ ئەیەوێت گومرگ و داهاتی سنوری کۆنترۆڵ بکات، بۆیە دەبێ ڕێگە لە دزی و قاچاخبردنی نەوت و ئاودیوکردنی کاڵا بکرێت، پێویستە لیژنەیەکی هونەری هاوبەش لە نێوان کوردستان و عێراق پێکبهێنێ بۆ کۆنترۆڵی گشت سنورەکان، نەک تەنها فۆکس بخاتە سەر کوردستان و دەروازەکانی تر بەجێ بێڵێت بۆ میلیشیاکان، یان داوا بکات داهاتی دەروازە سنوریەکانی هەرێم کە ٤ پارێزگایە وەک کەرکوک و ١٤ پارێزگاکەی تری عێراق و بێت مانگانە، کەی ڕەوایە داهاتی ئیبراهیم خەلیل و مینای ئوم قەسر وەک یەک سێر بکرێت.

