بە گوێرەی ڕاپۆرتی چەندین میدیای ئەمریکایی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانی هەیە هەزاران کۆچبەری نایاسایی بۆ بنکەی سەربازیی گوانتانامۆ لە کووبا بگوازێتەوە.
ماڵپەڕی “پۆلیتیکۆ” ئاشکرای کردووە، بڕیارە گواستنەوەی لانیکەم ٩ هەزار کەس بۆ ناوەندێک لەنێو ئەم بنکە سەربازییەدا تاوتوێ بکرێت. دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کردووە بەشێک لەو بنکەیە بۆ نیشتەجێکردنی کۆچبەرەکان بەکاربهێنرێت.
سەرچاوە فەرمییەکان جەختیان کردووەتەوە، ئەم شوێنە بە تەواوی لە گرتووخانە بەدناوەکەی گوانتانامۆ جیاکراوەتەوە، گومانلێکراوانی تیرۆری تێدا بەند کراون.
هاوکات ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەی ترەمپ نیازی نییە وڵاتانی ئەو کۆچبەرانە لەم هەنگاوە ئاگادار بکاتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەو کەسانە دوای گواستنەوەیان بۆ گوانتانامۆ، ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیان دەکرێنەوە.
“پۆلیتیکۆ” ئاماژەی بەوەش داوە، هەر لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا، نزیکەی ٥٠٠ کۆچبەر بە شێوەیەکی کاتی لە گوانتانامۆ نیشتەجێ کراون.
هەواڵی داهاتوو

