zagros news agency

بریتانیا فڕۆکەی جەنگیی F-35A دەکڕێت و توانای ئەتۆمیی خۆی بەهێز دەکات

 

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، حکوومەتی بریتانیا بەنیازە ١٢ فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری F-35A لە کۆمپانیای “لۆکهید مارتن”ی ئەمریکایی بکڕێت. ئەم فڕۆکانە توانای هەڵگرتن و هاویشتنی چەکی ئەتۆمییان هەیە و بە کڕینیان، هێزی ئاسمانیی بریتانیا بۆ یەکەمجار لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە، توانای بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ڕێگەی ئاسمانەوە بەدەست دەهێنێتەوە.

کیێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “لە سەردەمێکی پڕ لە ناسەقامگیریی تونددا، چیتر ناتوانین ئاشتی بە مسۆگەر دابنێین. هەر بۆیە حکوومەتەکەم سەرمایەگوزاری لە بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانیماندا دەکات.”

لەلایەکی دیکەوە، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، پێشوازیی لەو بڕیارەی لەندەن کرد و گوتی: “ئەم هەنگاوە بەشدارییەکی بەهێز و گرنگی بریتانیایە لە چوارچێوەی ناتۆدا.”

جێی ئاماژەیە، ئەم فڕۆکە پێشکەوتووانە توانای هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمیی تاکتیکیی جۆری B61ی دروستکراوی ئەمریکایان هەیە. بەرپرسێکی حکوومەتی بریتانیا ئاشکرای کردووە، لە ئەگەری پڕچەککردنی فڕۆکەکان بە چەکی ئەتۆمی، لەندەن پێویستی بە هاوکاریی واشنتن دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨دا دوایین بۆمبە ئەتۆمییەکانی خۆی لە خاکی بریتانیا کشاندبووەوە. شایەنی باسە توانای ئەتۆمیی ئێستای بریتانیا تەنیا لە ڕێگەی ژێردەریاییەکانی سیستەمی “ترایدنت”ەوەیە و ئەم هەنگاوە توانای لێدانی ئەتۆمی لە ڕێگەی ئاسمانەوە بۆ ئەو وڵاتە دەگەڕێنێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخى نەوت بەرزبونەوەى تۆمار کرد

یاسین

بەریتانیا سزای نوێی خستە سەر ئێران

سەڵاح

ئەردۆغان و ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە؛ ئێف-35 و بازرگانی لە سەرووی کارنامەی دیدارەکەوەن

یاسین