نۆزدە کەس لە بەرپرسانی باڵای پێشووی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای کۆتاییهێنانی دەستبەجێی شەڕیان لە کەرتی غەززە کرد. ئەوان بە توندی ڕەخنەیان لە حکوومەتی بنیامین ناتانیاهۆ گرت و هۆشدارییان دا لەبارەی پاڵنەرە سیاسییەکانی بەردەوامبوونی شەڕەکە.
ئامی ئایالۆن، سەرۆکی پێشووی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شین بێت)، گوتی: “ئەم شەڕە وەک شەڕێکی ڕەوا دەستی پێ کرد.”
بە گوتەی ئەو، شەڕەکە لە سەرەتادا بەرگریكارانە بوو، “بەڵام دوای ئەوەی بە هەموو ئامانجە سەربازییەکانمان گەیشتین و سەرکەوتنێکی درەوشاوەمان بەسەر هەموو دوژمنەکانماندا بەدەست هێنا، چیتر ئەمە شەڕێکی ڕەوا نییە.” سەرۆکی پێشووی شین بێت گوتیشی ئێستا ئاسایش و ناسنامەی دەوڵەتی ئیسرائیل کەوتوونەتە مەترسییەوە.
ئیهود باراک، سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپا و سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، مۆشێ یەعلون و دان حالوتس، سەرۆک ئەرکانەکانی پێشووی سوپا، لەگەڵ سێ کەس لە سەرۆکانی پێشووی دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی ئیسرائیل (مۆساد)، لەو کەسایەتییانەن کە لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتوون.
بە گشتی ١٩ بەرپرسی باڵای ئەمنیی پێشووی ئیسرائیل داوای کۆتاییهێنان بە شەڕێک دەکەن کە بە بڕوای ئەوان، ئێستا تەنها لەبەر هۆکاری سیاسی بەردەوامە.
تەئمیر پاردۆ، سەرۆکی پێشووی مۆساد، لە پەیامەکەیدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: “ئێمە لە لێواری شکستداین.”
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، هەندێک لەو بەرپرسانە گوتوویانە ئیسرائیل ئێستا لەلایەن حکوومەتێکی بناژۆخواز و توندڕۆوە بەڕێوە دەبرێت کە چیتر پشتیوانیی زۆرینەی خەڵکی نییە. ئەوان هەروەها داوای گەڕاندنەوەی سەرجەم ٥٠ بارمتەکەی ماونەتەوە لە غەززە دەکەن لە یەک قۆناغدا.

