zagros news agency

له‌سه‌ر داوای وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستگیرا بە سەر ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی

 

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا رایگه‌یاند، قەرزەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر کۆمپانیای نالیا  گەیشتووەتە نزیکەی ٩٢ ملیار دینار، وتیشی، لەزیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیاو چاڤی دەفرۆشرێت کە دەستیانبەسەرداگیراوە و  ژمارەیان ٦۰ موڵکە.

ورده‌كاری راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌:

پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە ( ٩٠ / دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە / ٢٠٢١ / ڕاستکردنەوە ) لە ڕێکەوتی ( ٢٠٢١/١٠/٢٠ ) تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری ، وە ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە ( ٢٠٢٤/٦٨٤ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/٩/٢٢ ) تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە ( حجز ) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی.

وە ئاماژە بەبڕیاری داگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ژمارە ( ٧٣٢/پ/٢٠٢٤ ) لەڕێکەوتی ( ٢٠٢٤/١١/٢٦ ) تایبەت بەڕاستاندنی بڕیاری ئاماژە بۆکراوی جێبەجێکاری داد لە سلێمانی لەبەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری وە ڕەتکردنەوەی تانەی پێداچوونەوەی کۆمپانیای نالیا.

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیاوچاڤی کە ژمارەیان ( ٦٠ ) موڵکە و پێکهاتووە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل  و کافتریا و کابینەی گەشتیاری و هتد…..کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە کەڵەکەبووەکانی کە لەئێستادا گەیشتووەتە بڕی ( ٩١٫٧٦٠٫٦٦٫٣٥٠ ) ملیار دینار.

شایەنی باسە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی وەزیر بەشێوەی چڕوپڕ کاری لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە، دواجار لەساڵی ( ٢٠٢١ ) دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لەکۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێکارەکان، لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار پارچە زەوی دانرابوو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچە زەویانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و ناتوانرێت ڕەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، وەخەمڵاندنێکی نادروست بۆ نرخەکانیان کرابوو وە ڕێگری یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان ، بۆیە بەبڕیاری بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەکە ڕاگیراو جارێکی تر لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە و سەرجەم ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر.

دواجار لەسەر داوای (بانکی سلێمانی یەک) سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی  وەزارەتمان و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتمان بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر و داواکارین هەرکەس و لایەنێک ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداریەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکان جێبەجي بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان/ وەزارەتی دارایی و ئابووری

٢٠٢٥/٨/٣١

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕوونکردنەوەیەک لە پارێزگاری هەولێرەوە

دڵشاد

سێ كه‌س ده‌ستگیركران كه‌ بەناوی دەزگای خێرخوازی فێڵێكیان له‌ خه‌ڵك كردووە

سەڵاح

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بانگەوازێکی بەپەلەی سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەران راگەیاند

سەڵاح