zagros news agency

لەدوای تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە گرنگی بەم ڤیتامینانە بدەن

لەگەڵ گەیشتن بە تەمەنی ٤٠ ساڵی خانمان دەست دەکەن بە هەستکردن بە گۆڕانی هۆرمۆن و جەستەیی کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر وزە و تەندروستی ئێسک و پێست و باری دەروونییان هەبێت.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، شارەزایانی بواری خۆراک جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڤیتامینەکان ئامرازێکی یارمەتیدەرە لە چوارچێوەی ژیانێکی تەندروست و هاوسەنگدا، لێکۆڵینەوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ژمارەیەکی سنووردار لە ڤیتامین و کانزاکان بۆ خانمان لە تەمەنی ناوەڕاستدا گرنگتر دەبن، هاوکات زۆر خواردنی تەواوکەرەکان بەبێ چاودێری پزیشکی ڕەنگە ئەنجامە نەرێنییەکانی لێبکەوێتەوە.

ئەم ڤیتامین و کانزایانەش بریتین لە:

١. ڤیتامین D دوای تەمەنی چل ساڵی پێویستە بۆ بەهێزکردنی ئێسک و بەرگری جەستە هەروەها ڤیتامین D یارمەتی هەڵمژینی کالیسیۆم و پاراستنی هێزی ماسولکەکان دەدات.

٢. کالیسیۆم و مەگنیسیۆم بەو پێیەی پسپۆڕان پشتڕاستی دەکەنەوە کە کالیسیۆم پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە پووکانەوەی ئێسک، لە کاتێکدا مەگنیسیۆم بەشدارە لە هەڵمژینی کالیسیۆم و پەستانی خوێن و خەوتن ڕێکدەخات.

٣. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا توانای جەستە بۆ هەڵمژینی ڤیتامین B12 لە خۆراکدا کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ماندوێتی و خراپی بیرەوەری یان تەرکیز، ئاستی چاودێریکردن پێشنیار دەکرێت بەتایبەتی بۆ ڕووەکخۆرەکان یان ئەوانەی خۆراکی کەم پرۆتینی ئاژەڵان پەیڕەو دەکەن.

٤. ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا ٣ ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پاراستنی تەندروستی دڵ و مێشک و ڕێکخستنی باری دەروونی لە کاتی وەستانی سوڕی مانگانەدا. ئەم ترشانە لە ماسییە چەورەکاندا زۆرن وەک سەلەمون و ساردین و ماکرێل، یان لە تەواوکەرە خۆراکییەکان.

سەرەڕای گرنگی ئەم ڤیتامین و کانزایانە، شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی کە زیادەڕۆیی لە خواردنی کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکات و پێویستە بە رێژەیەکی مامناوەند بخورێت.

لەم چوارچێوەیەدا، پسپۆڕی خۆراکی بەریتانی سارا شێنکمان جەختی لەوە کردەوە کە ” باشترین ڕێگە بۆ خانمانی سەروو ٤٠ ساڵ ئەوەیە کە گوێ لە جەستەیان بگرن و پشکنینی بەردەوامیان بۆ بکرێت و خۆراکی جۆراوجۆر بخۆن چونکەهاوسەنگی بنەمای باشبوونی تەندروستییە نەک زیادەڕۆیی لە خواردن”

هەواڵی پەیوەندیدار

هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی شێرپەنجە

lana

باشترین کات بۆ خواردنەوەی قاوە

lana

ڕۆژانە خواردنی گوێز لە نەخۆشیەک دەتپارێزێت

lana