zagros news agency

وەزیری دەرەوەی میسر: لە پێناو سەرکەوتنی پلانی ترامپ بۆ غەزە هەوڵ دەدەین

بەدر عەبدولعەتی، وەزیری دەرەوەی میسر، سێشەممە، ، ڕایگەیاند دانوستانەکانی شەرم ئەلشێخ لەسەر تاوتوێکردنی میکانیزمی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە چڕ بووەتەوە و قاهیرە بۆ سەرکەوتنی پلانی ئەمریکا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ لەم ناوچەیە هەوڵ دەدات.
عەبدولعەتی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ «العربییە» لە پەراوێزی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بە ئامادەبوونی تانیا فایۆن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی سلۆڤینیا، و دەیڤید ڤان ڤیل، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، جەختی کردەوە کە ئەم دانوستانانە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە جیاوازەکان، بەدەستهێنانی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە کە ئازادکردنی بارمتەکان و ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەگرێتەوە، بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
ئەو زیادی کرد: “لە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەزە، پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست هاتووە. ئێستاش هەوڵەکان لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنێکە کە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و دروستکردنی میکانیزمێکی ئاسایشی دڵنیا بکاتەوە تاوەکو ئاسایشی هەموو لایەنەکان و کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەزە بەدی بێت.”
وەزیری دەرەوەی میسر هیوای خواست لەم گفتوگۆیانەدا، بەتایبەتی لە بواری بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی خێرای دۆخی مرۆیی لە غەزە، پێشکەوتنی زیاتر بەدەست بێت.
عەبدولعەتی هەروەها هەواڵی کۆبوونەوەیەکی گرینگی لە کۆتایی هەفتەدا ڕاگەیاند کە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی هێزێکی نێودەوڵەتی لە غەزە و تاوتوێکردنی میکانیزمە جێبەجێکارەکانی بەڕێوە دەچێت.
وەزیری دەرەوەی میسر جەختی کردەوە کە ڕاوێژکارییەکان لەبارەی غەزەوە درێژەی ڕۆڵی مێژوویی و پێشەنگی قاهیرەیە بەرانبەر بە پرسی فەڵەستین و ئامانج لێی جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەم لە پلانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاییە.
ئەو جەختی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەکەی بە سەرکەوتنی ئەم پلانە و متمانە بە توانای ترامپ بۆ سەپاندنی دیدگای خۆی لەبارەی غەزەوە کردەوە.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر، فەرمانی داوە کە هەموو هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی فەڵەستینییەکان بەردەوام بێت. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە هەوڵەکانی میسر لەبارەی غەزەوە ناوەستێت و دەبێت سوود لە کەشی ئێستا وەربگیرێت بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی کە بگاتە جێبەجێکردنی پلانی دوو دەوڵەتی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەڵەستینی لەسەر سنوورەکانی ٤ی حوزەیرانی ١٩٦٧ بە پایتەختی قودسی ڕۆژهەڵات.
ئێوارەی دووشەممە، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی شاندەکانی حەماس و ئیسرائیل لە شاری شەرم ئەلشێخی میسر بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەم لە پلانی ترامپ، دەستی پێ کرد.
بەپێی گوتەی سەرچاوە میسرییەکان بۆ العربییە، شاندە بەشداربووەکان گەیشتوونەتە شەرم ئەلشێخ و کۆبوونەوەکانیان دەست پێ کردووە. ئەم گفتوگۆیانە لەسەر ڕێکخستنەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و دەستبەسەرکراوان، تاوتوێکردنی ئاگربەست و میکانیزمی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەزە چڕ بووەتەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوەکان، لایەنەکان هەروەها لەبارەی گونجاندنی مەرجە پێویستەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ دیلە فەڵەستینییەکان، بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و دیاریکردنی ڕادەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەزە گفتوگۆیان کرد.
حەماس ئێوارەی یەکشەممە ڕایگەیاند کە خەلیل حەییە، وتوێژکاری باڵای ئەم گرووپە، لەسەرۆکایەتی شاندێک گەیشتووەتە میسر. لە بەیاننامەی حەماسدا هاتووە کە ئەم دانوستانانە لەسەر میکانیزمەکانی ئاگربەست، کشانەوەی هێزە داگیرکەرەکان و ئاڵوگۆڕی دیلەکان چڕ دەبێتەوە.
حەماس هەروەها دووبارە ڕەزامەندیی خۆی بۆ گواستنەوەی بەڕێوەبردنی کەرتی غەزە بۆ شاندێکی فەڵەستینی لە کەسایەتییە سەربەخۆکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نەتەوەیی و بە پاڵپشتی عەرەبی و ئیسلامی نوێ کردەوە.
ترامپ جەختی کردووەتەوە کە پلانەکەی لەبارەی غەزەوە دەتوانێت بگاتە دامەزراندنی ئاشتییەکی فراوانتر لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوین و گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ناوچەکەدا.
بەگوێرەی مەرجەکانی قۆناغی یەکەم، بڕیارە بارمتەکانی لای حەماس لە بەرانبەر ئازادکردنی زیندانییە فەڵەستینییەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت.
لە ئێستادا، ٤٨ بارمتەی ئیسرائیلی لە کەرتی غەزە، لەوانە ٢٠ کەسیان زیندوون، لەلایەن حەماسەوە دیل کراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمپانیای xAI بەشێک لە کارمەندانی دوورخستەوە

سەڵاح

راگەیندراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران

یاسین

تیمەکانی پاککردنەوەی بەفر لە وان ٧٨ ڕێگەیان کردەوە

سەڵاح