د. عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد
یەكێ لەو بەخششە مەزنانەی خودا بە مرۆڤی داوە.. (زەوی)یە، كە تیایدا نیشتەجێ بووە، ولەو زەويیە چەندەها سەرچاوەی جۆراوجۆری ئاوی هەڵتۆقاندووە كە فاكتەرە بۆ بەردەوامی ژیان، وەك قورئان دەفەرموێ: (وَجَعَلْنا مِنَ الْماءِ كُلَّ شَيْءٍ) سوڕەتی ئەنبياء، ئايەتى: (30).. وهەر ئەو ئاوەیش هۆكارە بۆ زیاتر چاندن وفراوانكردنی دارودروخت وتەواوی سەوزاییەكان، ودواجار بەرهەمهێنانی ژینگەیەكی جوان وهەمیشە زیندوو، وپڕ لە بەرهەمی كشتوكاڵی وباغوباغات ومیوەجات، وهەموو خۆراكێكی جەستەیی وتەنانەت ڕۆحیش!
لەم ڕوانگەیەوە شەریعەتی ئیسلام لە هەر دوو سەرچاوە گەورەكەی خۆیەوە، كە دەقەكانی قورئانی پیرۆزە لەگەڵ فەرموودە صەحیحەكانی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێ) بە دەیان دەقی هێناوە كە تێكڕایان هاندانە بە پلەیەكی زۆر.. بۆ سەوزكردنی ژینگە وخاكی نیشتیمانەكەت، هەر لە چاندنی دارودرەخت تا هەموو جۆرەكانی سەوزایی وگوڵ وگوڵزار وكشتوكاڵ وباغات، بەجۆرێ (26) جار باسی درەختی لە قورئاندا كردووە! و(14) جاريش باسى كشتوكاڵ وسەوزایی هێناوەتە گۆڕێ! بۆنموونە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: (فَلْيَنْظُرِ الْإِنْسانُ إِلى طَعامِهِ (24) أَنَّا صَبَبْنَا الْماءَ صَبًّا (25) ثُمَّ شَقَقْنَا الْأَرْضَ شَقًّا (26) فَأَنْبَتْنا فِيها حَبًّا (27) وَعِنَباً وَقَضْباً (28) وَ زَيْتُوناً وَنَخْلاً (29) وَحَدائِقَ غُلْباً (30) وَفاكِهَةً وَأَبًّا (31) مَتاعاً لَكُمْ وَلِأَنْعامِكُمْ (32)، سوڕەتی عەبەس، واتە: دەبا ئادەمیزاد سەیرێكی خواردنەكەی خۆی بكات وسەرنجی بدات وبزانێ خوای گەورە چۆنی بۆ دەرهێناوە لە زەوییەكی ڕەق وتەق؟ (24) بێگومان ئێمە لە هەورەوە بارانێكمان بۆ ڕژاندۆتە خوارەوە بە چ ڕژاندنێك! (25) لەوەودوا زەویمان لەتلەت وقاژقاژ كردووە، بە چ لەتكردنێك (26) جا ڕواندمان لە ناویدا جۆرەها دانەوێڵە (27) وجۆرەها ترێ وجۆرەها وێنجە وسەوزەوات (28) ودارە زەیتوون ودارەخورماش (29) وچەندین باخاتی گەورە وچڕوپڕ (30) ومیوەی جۆراوجۆر وگژوگیا (31) ئەوانەمان هەموو سەوزكرد و ڕواند، بە كەڵك بۆ خۆتان وماڵاتەكەتان ، ئیتر حەقوایە ئینسان كوێرانە بەسەر ئەو هەموو شتانەدا نەڕوا، وبیكاتە بەڵگە ونیشانەی زیندووبوونەوە، و ڕامان لە تواناى خودا(32) بڕوانە: تەفسیری نامی، ڕاڤەی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس بۆ قورئانی پیرۆز.
وە هەروەها لە ئایەتێكی تردا پەروەردگار دەفەرموێت: (وَآيَةٌ لَهُمُ الْأَرْضُ الْمَيْتَةُ أَحْيَيْناها وَأَخْرَجْنا مِنْها حَبًّا فَمِنْهُ يَأْكُلُونَ (33) وَجَعَلْنا فِيها جَنَّاتٍ مِنْ نَخِيلٍ وَأَعْنابٍ وَفَجَّرْنا فِيها مِنَ الْعُيُونِ (34) لِيَأْكُلُوا مِنْ ثَمَرِهِ وَما عَمِلَتْهُ أَيْدِيهِمْ أَفَلا يَشْكُرُونَ (35)، سوڕەتی ياسين، واتە: نیشانە وبەڵگەی توانایی خوایە بۆیان، زەوی مردووی وشكی بێ شینایی كە ئێمە زیندووی دەكەینەوە وگژوگیای لێ دەڕوێنین ودانەوێڵەی لێوە دەردەكەین، وئەوانیش لەو دانەوێڵەیە دەخۆن (33) باخی جوان جوانی دارخورما ودارمێویشی تیا سەوز دەكەین، وكانیاوی تیا هەڵدەقوڵێنین (34) تا لە بەری ئەو باخانەی باسمانكردن بخۆن، وهەروەها بەرهەمی كاری دەستی خۆیشیان بخۆن كە لەبەری ئەو باخانە دروستى دەكەن، وەك دۆشاو، وباسووق ومێوژ، جا ئایا لەگەڵ ئەمەیش هێشتا سوپاسی خوای نیعمەتبەخش ناكەن؟ (35).. وە هەروەها دەفەرموێت: (أَمَّنْ خَلَقَ السَّماواتِ وَالْأَرْضَ وَأَنْزَلَ لَكُمْ مِنَ السَّماءِ مَاءً فَأَنْبَتْنا بِهِ حَدائِقَ ذاتَ بَهْجَةٍ مَا كانَ لَكُمْ أَنْ تُنْبِتُوا شَجَرَها أَإِلهٌ مَعَ اللَّهِ بَلْ هُمْ قَوْمٌ يَعْدِلُونَ)، سوڕەتی نەمل، ئايەتى: (60).. واتە: یاخود كێیە ئەوەی ئاسمانەكان و زەوی دروستكردووە وئاوی لە ئاسمانەوە بۆ باراندوون، وپاشان بەو ئاوە.. باخ وباخچەی جوان و ڕازاوەمان ڕواندووە كە بۆتان نەدەكرا درەختەكانیان بڕوێنن؟ ئایا خوایەك هەیە لەگەڵ زاتی خوادا؟ نەخێر نییە! بۆیە لەڕاستیدا ئەوانەی هاوبەش بۆ خوا دادەنێن.. تاقمێكن لە ڕاستی لايانداوە.. كە بە ووردبوونەوە لە كڕۆكی ئەم ئایەتە وئەوانەی سەرەوەیش.. بە ئاشكرا هاندانی پەروەردگار بۆ درەخت چاندن لەلایەن مرۆڤەوە نیشان دەدات.
وە لە سەرچاوەی دووەمی شەريعەتیشدا كە سوننەتی پێغەمبەرە (دروودی خوای لەسەر بێ) بە دەیان فەرموودەى صەحیح هاتوون لەسەر گرنگیی وبایەخی چاندنی دارودروخت وسەوزایی، وەك ئەوەی (ئەنەسی كوڕی مالیك – خوای لێ ڕازی بێ) دەگێڕێتەوە بۆمان كە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێ) فەرموویەتی: (مَا مِنْ مُسْلِمٍ يَغْرِسُ غَرْسًا، أَوْ يَزْرَعُ زَرْعًا، فَيَأْكُلُ مِنْهُ طَيْرٌ أَوْ إِنْسَانٌ أَوْ بَهِيمَةٌ، إِلَّا كَانَ لَهُ بِهِ صَدَقَةٌ)، بڕوانە: صەحیحی بوخاری، فەرموودەی ژمارە: (2320)، واتە: هەر بڕوادارێك درەختێ بچێنێ، یان كشتوكاڵێ بكات، ولەو بەرهەمی كاری ئەوە.. باڵندەیێ، یان مرۆڤێ، یان ئاژەڵێ لێی بخوات، بەدڵنیاییەوە خێرێكی زۆر باشی لای خوا بۆ دەنووسرێ، (پێشەوا نەواوی- خوا لێی ڕازی بێ) كە نیشتەجێی ووڵاتی شام بووە، وهەندێ لە زانایان لە ڕەچەڵەكدا دەیبەنەوە سەر نەژادی كوردی خۆمان، لە ڕاڤەی ئەو فەرموودەیەدا نووسیویەتی: ئەم حەدیسە گرنگی چاندنی دارودرەخت وئەوانە دەردەخات، ودەیسەلمێنێ پاداشتی چێنەر وهاندەرەكەی ئەوەندە گەورەیە بۆ هەتایە پاداشتەكەی بەردەوام دەبێت، تەنانەت لەو درەختەیش كە نەمامێكی تری لێوەردەگیرێ ولە شوێنێكی تر دەچێنرێ، ئەویش دەبێتەوە بە پاداشت بۆی لە دەفتەری پەروەردگاردا، وئەم پاداشتە ئاوا بە جاویدانی هەتا ڕۆژی قیامەت بۆ ئەو چێنەرە بەردەوام دەبێت، تەنانەت زانایان هەندێكیان فەرموویانە: باشترین بازرگانیيەك هەم بۆ دونیا وهەم بۆ قیامەت مایەی خێروخۆشی و ڕەزای خوا بێ، بابەتی درەخت چاندن وفراوانكردنی پانتایی سەوزاییە!
وە هەروەها لە فەرموودەیەكی تردا هاتووە دەفەرموێت: (إِنْ قَامَتْ عَلَى أَحَدِكُمُ الْقِيَامَةُ، وَفِي يَدِهِ فَسِيلَةٌ فَلْيَغْرِسْهَا)، بڕوانە: موسنەدی ئيمام ئەحمەدى كوڕی حەنبەل، فەرموودەی ژمارە: (12902)، واتە: ئەگەر نەمامێ بە دەستی یەكێكتانەوە بوو، ولەو كاتەدا ڕۆژی (ڕەستاخێز – قیامەت) هەڵسا، با درەختەكە بچێنێ! ئەم فەرموودەیە هێندە هاندانی لە ئاستێكی باڵادا بۆ چاندنی دارودرەخت تێدایە، هەموو باڵانسەكانی تێپەڕاندووە، بێگومان ڕۆژی پەسڵان لە دیدگەی بەرنامەی ئیسلامەوە كۆتایی جیهانە، بەڵام لەگەڵ ئەو كۆتاییەشدا پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێ) داوا لەو كەسە دەكات – كە لە سەروبەندی ئەو ڕووداوەدایە- ونەمامێكی بەدەستەوەیە! دڵی سارد نەبێتەوە وبیچێنێ! دەقی ئەم فەرموودەیە.. بایەخ وگرنگیی وقورسایی چاندن وسەوزكردنی ووڵات لە شەریعەتدا، ولە زاری پەیامبەرەكەیەوە (سەلامی خوای لەسەر بێت) زۆر ڕاشكاوانە نومایان دەكات، كە ئیدی پێویستی بە هیچ ڕاڤە وشرۆڤەیەكی زیادەی تر نییە.
وە لە فەرموودەیەكی تردا، كە (عەبدوڵڵای كوڕی عەبباس- خواى لێ ڕەزای بێ) هێناویەتی، دەڵێ: پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێ) تەشریفی دای بە لای دوو گۆڕدا، پەروەردگار ئاگاداری كردەوە كە ئەو دوو كەسە لەو گۆڕەدا سزای توند دەدرێن لەسەر تاوانەكانیان، ئەمە دڵی ئەو حەزرەتەی هێنایە جۆش بۆیان، بۆیە ئەوەی لەو كاتەدا پێی كرا بۆیان كردی! .. ئەویش ئەوەبوو نەمامێكی هێنا وكردی بە دوو بەشەوە وهەر بەشەی لەسەر گۆڕی یەكێكیان دانا، ئەوانەی لە دەوری بوون وتیان: قوربان! ئەوە بۆ وات كرد؟ ئەویش فەرمووی: ئومێد هەیە ئەم نەمامانە ببنە درەخت، و(درەختیش لە ناخیدا یادی خوا ئەكا) وبەم هۆیەوە سزا وئەشكەنجەیان لەسەر سووك بكرێ، بەڵام كردی بە مەرج بەسەر دەوروبەرەكەیەوە كە نابێ بهێڵن ووشك ببن! بڕوانە: صەحیحی بوخاری، فەرموودەی ژمارە: (218)، ئەمەیش یەكێكی ترە لەو دەیان فەرموودەیەی گرنگی درەخت چاندن نیشان دەدەن، تەنانەت پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێ) خەمی ئەوەیشی هەبووە.. خەمساردی بكرێ لە ئاودانی درەختدا، بۆیە ئەو دەوروبەرەیی هانداوە نەهێڵن ئەو نەمامانە ووشك ببن! (حافظ ئيبن كەثير) دەفەرموێ: بۆیە فەرمووی: (نەهێڵن ووشك ببن!)، چونكە درەخت تا سەوز بێ.. یادی خوا دەكا، كە ووشك بوو، ئیدی ئەویش لەو یادكردنە كۆتایی دێ!
لەڕوانگەی ئەم ئایەت وفەرموودانەوە كە چەند سامپڵێكن لە خەرمانی سەدان دەقی پیرۆز، سەبارەت بە گرنگیی ژینگە ودارودرەخت وكشتوكاڵ وباغات، ڕوون دەبێتەوە بەرنامەی ئیسلام چەند بایەخی بەم بوارە داوە، تەنانەت زانایانی ئیسلام هەر لەدێرزەمانەوە لە ڕاڤەی ئەو دەقانەی قورئان وفەرموودەدا بە دەیان پەڕتووكی تایبەتیان بەم سێكتەرە وبایەخ وگرنگییەكەی داناوە، وەك (كەمالەدینی دومێری) لە پەڕتووكی: (حیاة الحیوان الكبری)دا، زياتر لە شەشسەد ساڵ پێش ئێستا زۆر بە باشی لەسەر ئەم بوارە نووسیویەتی، وە لەم سەد ساڵەی كۆتاییشدا سەدان پەڕتووكی تایبەت بەم باسوخواسە نوسراون، و وەشان كراون، وەك ناونیشانەكانی: (درەخت لە قورئان وفەرموودەدا)، یان (كشتوكاڵ و ژینگە لە قورئاندا)، یان دیدگەی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێ) بۆ هاندانی درەخت ناشتن، ودەیان ناونیشانی تری لەم جۆرە، ئێستا پەڕتووك هەیە لەم بوارەدا سەروو (500) لاپەڕەی گرتۆتەوە، كە لێوانلێوە لە بەڵگەی قورئان وفەرموودە.. موتوربە بە زانستی نوێ تایبەت بەم بابەتە.
ئێستا حكومەتی هەرێم، وبە تایبەتی جەنابى سەرۆكی حكومەت لەم بواری فراوانكردنی پانتایی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان.. دەستێكی باڵای هەیە وپڕۆژەیەكی بەرفراوانی دەست داوەتێ ، وبە تایبەتی پشتێنەی سەوزایی هەولێر كە حەوت ملیۆن نەمام لە خۆدەگرێ، كارێكی ئێجگار نیشتیمانی وشەرعڕەوانەیە وجێی دڵخۆشی هەموو كوردێكی ڕەسەن ونەتەوەپەروەرە، وئەم كارو پڕۆژە ژینگەیی وسەوزایی خوازییە پێش هەموو بوارەكانی تر.. كارێكە شەریعەتی ئیسلام هاندەرە بۆی وخوازیاریەتی، ولەگەڵ ڕەسەنایەتی كوردانەی خۆیشماندا تەبا وسازگارە، چونكە نیشتیمانی ئێمەی كورد هەمیشە ژینگەدۆستی ودرەختچاندن وسەوزكردنی ووڵات.. كاری لە پێشیەی بووە، وسەدان ساڵە نیشتیمانەكەمان سەرەڕای سوتماككردنی لەلایەن دوژمنانەوە، بەڵام خەڵكەكەی هەموو جارێ سەرلەنوێ تێهەڵچۆتەوە بۆ سەوزكردنەوەی ووڵاتی خۆی، کە دوو دەڤەری (بارزان) و(هەورامان) زیندووترین نموونەی ژینگەدۆستی ئەم بابەتەن، بۆیە ئەم ئەركە هەم ئاینی وهەم نیشتیمانیە پێویستە لەسەری بەردەوام بین وگوێ بە فیتنە و ژاوەژاوی ئەوانە نەدرێ كە بۆ موزایەدەی سیاسی وبە قوڕمیشی دوژمنانی نەتەوەكەمان – لە هەر لا وئاڕاستەیەك بن- تانە لە كاروپڕۆژەكە دەدەن.

