zagros news agency

زیانەكانی دەرمانی گیایی بۆ تەندروستی مرۆڤ

زۆر کەس بە هەڵە تێگەیشتوە و پێیوایە چونکە دەرمانی گیایی “سروشتییە”، مانای ئەوەیە کە بە تەواوی سەلامەتە و هیچ زیانێکی نییە، بەڵام ئەمە هەمیشە ڕاست نییە. دەرمانە گیاییەکان وەک هەر دەرمانێکی دیکە کاریگەری لەسەر جەستە دەبێت و پێویستە بە وریاییەوە بەکاربهێنرێن.

گرنگترین زیانەکانی دەرمانی گیایی:

دەرمانی گیایی دەتوانێت ژمارەیەک کاریگەری لاوەکی دروست بکات کە لە سوکەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە حاڵەتێکی مەترسیدار>

1. هەستیاری (حەساسییەت)؛ کاردانەوەی هەستیاری و دروست بونی پەڵەی پێست.

2.کێشەکانی هەرس؛ دڵتێکچون، ڕشانەوە، سکچون، یان سەرئێشە،نزم بونەوەی پەستانی خوێن و بەرزبونەوەی پەستانی خوێن.

3. زیانی لەسەر ئەندامە سەرەکییەکان؛ هەندێک جۆری دەرمانی گیایی و گژو گیا، بەتایبەتی کاتێک بەبێ زانست و بە بڕێکی زۆر بەکاردەهێنرێن، دەتوانن زیان بە گورچیلەکان و جگەر و سپڵ و پەنکریاس و ڕیخۆڵە بگەیەنن، هەندێک جار دەگاتە ئاستی تێکچون و وەستانی تەواوەتی ئەندامێکی جەستە.

4.کاریگەری لەسەر خوێن: هەندێک گیای وەک (Ginkgo biloba) دەتوانن مەترسی خوێنبەربون زیاد بکەن، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ دەرمانی خوێن مەیین (ئەسپرین) بۆ شلکردنەوەی خوێن بەکاربهێنرێن.

دەرمانی و گیایی و کارلێککردنی لەگەڵ دەرمانە کیمیاییەکان:

یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان، کارلێککردنی دەرمانی گیاییە لەگەڵ ئەو دەرمانانەی کە پزیشک بۆی نوسیویت، ئەم کارلێکە دەکرێت بە دو شێوە بێت:

1. کەمکردنەوەی کاریگەری دەرمانی کیمیایی، وەک (St. John’s Wort) کە دەتوانێت کاریگەری دژە خەمۆکی و حەبی ڕێگری لە دوگیانی و چەندین دەرمانی دیکە کەم بکاتەوە.

2. زیادکردنی کاریگەری و ژەهراویبون، وەک ئەوەی کاریگەری دژە خەمۆکییەکان زیاد بکات و ببێتە هۆی ژەهراویبونی جەستە.

دەرمانی گیایی و کێشەکانی بە کوالیتی کردنی و ڕێكخستنی:

– نەبونی ڕێکخستنی پێویست، بە پێچەوانەی دەرمانە کیمیاییەکان، زۆربەی دەرمانە گیاییەکان لەلایەن دامەزراوە تەندروستییە فەرمییەکانەوە بە شێوەیەکی توند کۆنترۆڵ و پشکنینیان بۆ نەکراوە بۆ دڵنیابون لە پاکی و ڕێژەی پێکهاتەکان.

– ئامادەکردن و تێکەڵکردنی گژو گیاییەکان بەبێ زانستی و نەبونی شارەزایی تەواو لەو بوارەدا، ئەمەش کارێکی زۆر مەترسیدارە.

– پیسی و تێکەڵکردن، هەندێک بەرهەمی گیایی بە ماددە پیسکەر و مەترسیدار تێکەڵ دەکرێن، وەک، کانزا قورسەکان: وەک قورقوشم، جیوە و ئارسینیک.

– ستیرۆید و ماددە کیمیاییەکان، کە بەشێوەیەکی نایاسایی تێکەڵ دەکرێن بۆ ئەوەی وا دەربکەوێت کە بەرهەمەکە کاریگەرترە.

– هەڵەی ناسینەوەی گژو گیاییە پزیشکییەکان، بەکارهێنانی جۆری نادروستی گیاکە، کە دەکرێت ژەهراوی بێت و ئەو کەسەی ئامادەی دەکات ڕەنگە شارەزایی تەواوی لەسەر گژوگیاکە نەبێت.

تێبینی: ڕاچاوی تایبەت بۆ هەندێک کەس لە بەکارهێنانی دەرمانی گیایی بۆ ئەم کەسانەی خوارەوەدا بەتایبەتی مەترسیدارە:

1. خانمانی دوگیان و شیردەر، چونکە دەکرێت کاریگەری لەسەر کۆرپەلە یان منداڵ هەبێت یان شیری دایکی کەمبکاتەوە نەیهێڵێت.

2. منداڵان؛ هەستیارییان بۆ کاریگەرییەکان زۆر زیاترە لە گەورەکان، بەدەرمانی گیایی.

3. ئەو کەسانەی نەخۆشیی قورس و درێژخایەنیان هەیە؛ وەک نەخۆشی جگەر یان گورچیلە یان کەم خوێنی و ئەستوربونی سپڵ.

4. ئەگەر کەسێک ویستی نەشتەرگەری بکات، پێویستە پێش هەر نەشتەرگەرییەک، بەکارهێنانی دەرمانی گیایی بوەستێنرێت، چونکە دەکرێت لەگەڵ بێهۆشکەرەکاندا کارلێک بکات یان کێشە لە مەیینی خوێندا دروست بکات.

رێنماییەكی گرنگ:
هیچ کاتێک دەرمانی پزیشکی ڕامەوەستێنە وبەبێ ڕاوێژکاری پزیشک بۆ ئەوەی دەرمانی گیایی لە جێگەی دابنێیت و بڵێیت دەرمانی گیایی لەجێگەی دەرمانی کیمیاوی دەخۆم و بەکاری دێنم، هەمیشە پزیشک یان دەرمانسازەکەت ئاگادار بکەرەوە لە هەر دەرمانێکی گیایی یان تەواوکەرێکی خۆراکی کە بەکاری دەهێنیت، دەرمانە گیاییەکان لە سەرچاوەی متمانەپێکراو بکڕە کە مۆڵەتی فەرمییان هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

باشترین کات بۆ خواردنی میوە کەیە؟

lana

پێنج جۆری خۆراک سەرچاویەکی باشن بۆ دەستکەوتنی کۆلاجین

lana

کاریگەرییە لاوەکییەکانی کەمخەوی لەسەر تەندروستی جەستە

lana