zagros news agency

دەوڵەتی یاسا دەستپێشخەرییەکەی سوودانی رەتدەکاتەوە

 

ئیبتسام هیلالی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رەتی کردەوە هاوپەیمانییەکەیان دەستپێشخەریی هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی سەبارەت بە کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ قبوڵ بکات.

هیلالی بە شەفەق نیوزی راگەیاند: “ئێمە ئەو دەستپێشخەرییە رەتدەکەینەوە کە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێشکەشی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “دەستپێشخەرییەکە وەسفکردنی سوودانییە و هەوڵێکە لەلایەن هاوپەیمانییەکەیەوە بۆ بەدەستهێنانی ویلایەتی دووەم.”

هەروەها گوتی: “سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشتر سوودانییان ئاگادار کردووەتەوە لە رەتکردنەوەی نوێکردنەوەی ویلایەتەکەی بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، کە دواترینیان بڕیاری نادروست و دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆ و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و خستنی وڵاتە بۆ ناو قەیرانی ئابووری.”

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ئێمە لە دەوڵەتی یاسا جەخت لەسەر پابەندبوونمان بە کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دەکەینەوە”، و پێشی وابوو کە “پشتگیری و پاڵپشتی بۆ مالیکی لەلایەن پارتە سوننە و کوردییەکانەوە هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.”

ئاماژەی بەوەش کرد کە “چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دوای بەڕێوەچوونی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی یەکلا دەکاتەوە.”

هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، دەستپێشخەرییەکی سیاسی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی کوتلەی گەورەتر بۆ سەرۆکایەتی حکومەت پێشکەش کردبوو. دەستپێشخەرییەکە بریتی بوو لە پشت بەستن بە تەوافوق لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی و دانانی پێوەر بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکە (وەک ئەزموونی جێبەجێکردن و قبوڵکراوی نیشتمانی)، لەگەڵ دانانی بژاردەیەکی جێگرەوە کە پشت بە “کێشی هەڵبژاردن” دەبەستێت لە ئەگەری نەبوونی تەوافوق، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی.

هەواڵی پەیوەندیدار

توركیا… دەستبەسەر یەک تۆن و ٣٣١ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا

سەڵاح

سبەی پشووی فەرمییە

یاسین

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی هەستانەوە و ئەکیتۆ

یاسین