zagros news agency

ئەمەریکا هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەی ئیلام بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناودەبات

 

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ سەر نەخۆشخانەی “ئیمام خومەینی” لە شاری ئیلام کرد و بە “تاوانی ئاشکرای دژی مرۆڤایەتی” وەسفی کرد.

 

هەژماری فەرمیی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X”، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ساتەوەختی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو نەخۆشخانەکە نیشان دەدات.

 

لە پەیامەکەدا هاتووە: “هێرشکردنە سەر بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانە، لێدان و ئەشکەنجەدانی کادری پزیشکی و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی جەنگی دژی بریندارەکان، پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.” وەزارەتی دەرەوە جەختی کردەوە کە نەخۆشخانەکان مەیدانی جەنگ نین و ئەم ڕەفتارانە نیشانەی ڕژێمێکە کە هیچ بایەخێک بۆ گیانی مرۆڤەکان دانانێت.

 

ڕووداوەکە 4ی کانوونی دووەمی 2026 ڕوویداوە، کاتێک ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانی بریندار (کە هەندێکیان لە شارۆچکەی مەلەکشاییەوە گوازرابوونەوە) بۆ پەنابردن چوونە ناو نەخۆشخانەی ئیلام، بەڵام هێزە ئەمنییەکان نەخۆشخانەکەیان گەمارۆدا و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و گازی فرمێسکڕێژ چوونە ناو ژووری بیماران و بریندارەکانیان دەستگیر کرد، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای بیماران و پزیشکەکان دروست کرد.

 

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “ئێمە بە وردی چاودێری ئەم خۆپیشاندانانە دەکەین. ئەگەر ئەوان (دەسەڵاتدارانی ئێران) وەک ڕابردوو دەست بکەنەوە بە کوشتنی خەڵک، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە توندی لێیان دەدات.” ئەمەش وەک دووەم هۆشداریی توندی ترەمپ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرامبەر تاران هەژمار دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

هیوا گه‌یلانی بۆ زاگرۆس: هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین پێش هه‌ڵبژاردن حكوومه‌ت پێكبهێنرێت

یاسین

شەقامێکی 20 مەتری و پردێک بۆ بەیەکبەستنەوەی گەڕەکی ژین و برایەتی لە هەولێر درووست دەکرێت

یاسین

ترەمپ پڕۆژەیاسای پاراستنی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت

سەڵاح