عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی شاندە دیپلۆماسییەکانی نیشتەجێی تاران، خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی بە “سەرەتا هێمن” وەسف کرد، بەڵام گوتی؛ بە هاتنەناوەوەی “گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان” بۆ نێو ڕیزەکانی خۆپێشاندەران، دۆخەکە “توندوتیژ و خوێناوی” بووەتەوە تاوەکو “بیانوویەک” بۆ دەستێوەردانی دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا فەراهەم بکرێت.
عەراقچی هاوکات گوتی وڵاتەکەی هەم بۆ جەنگ و هەم بۆ دانوستان ئامادەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد تاران بەدوای “دانوستانێکی دادپەروەرانە و یەکسان لە ماف و ڕێزی بەرانبەر”دا دەگەڕێت.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی “تەسنیم”، عەراقچی گوتی حکوومەت دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، “دەستبەجێ گفتوگۆی لەگەڵ بازرگان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست پێ کرد” و “کار، ڕێوشوێن و چاکسازی” لە وەڵامی “خۆپێشاندانی ئاشتییانە”دا خستووەتە بەرنامەی کارەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەدا بانگەشەی ئەوەی کرد “گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان چوونەتە نێو ڕیزەکانی خۆپێشاندەرانەوە، تاوەکو ناڕەزایەتییەکان لە ڕێڕەوی سەرەکیی خۆیان لابەن” و گوتی: “ئێمە بەڵگەی تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکانمان لەبەردەستە کە ئامانج لێی زیادکردنی ژمارەی قوربانییان بووە و ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە دۆنالد ترەمپ دەیەوێت.”

