ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جارێکی دیکە نەیتوانی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات، ئەوەش بەهۆی ڕێنەکەوتنی (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی کورتی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنەکە، بڕیاردراوە دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت، بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی (نیساب).
لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەکی پەرلەمانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی “شەفەق نیوز” ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان کوتلەکاندا لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ئامادەبوون لە ١٢٠ پەرلەمانتار تێنەدەپەڕی، و هەمووان چاوەڕێی ئەنجامی سەردانی وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگی (الإطار التنسيقي) دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەکە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، ئەنجامی سەردانی وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەولێر و سلێمانی پرسەکە یەکلایی دەکاتەوە، و لەسەر ئەو بنەمایەش کاتێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری دەکرێت.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

