وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە، ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕاگەیاند و بە “بێڕێزی بەرامبەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی” نێوان هەردوو وڵات وەسفی کرد.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە میوانداریی ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیای لە عێراق کردووە، لەسەر پاشخانی ئەو لێدوانە نوێیانەی هاکان فیدان کە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی CNNی تورکی لە ڕێکەوتی ٩ی شوباتی ٢٠٢٦ دابووی.
محەمەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، لە میانی دیدارەکەدا نیگەرانی عێراقی بەرامبەر ئەو لێدوانانە دەربڕی کە لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە و جەختی کردەوە کە ئەمە سووکایەتیکردنە بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا، و بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و بەزاندنی نەریتە دیپلۆماسییەکان هەژمار دەکرێت.
بەحرولعلوم تەئکیدی کردەوە کە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و خاوەن سیستمێکی سیاسی دیموکراسی دەستوورییە و ناکرێت بەراورد بکرێت بە وڵاتانی تر کە سیستمی سیاسی جیاوازیان هەیە. هەروەها جەختی کردەوە کە دۆسیەی شەنگال و ناوچەکانی تری عێراق پرسێکی نیشتمانی پەتییە و بەپێی ئەولەویەت و میکانیزمە نیشتمانییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لەگەڵ ڕەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ کاریگەری سیاسی یان سەربازی.
لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا ڕوونی کردەوە کە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوە بەهۆی وەرگێڕانی هەڵەوە بە هەڵە تێگەیشتنی بۆ دروست بووە، و ئاماژەی بەوە کرد کە قسەکانی وەزیر پەیوەندی بە توخمەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە هەبووە کە لە عێراقدا هەن، و هیچ پەیوەندییەکی بە کاروباری ناوخۆی عێراق یان هاووڵاتیانی عێراقییەوە نییە.
باڵیۆز دووپاتی کردەوە کە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر عێراق نەگۆڕە و ڕێز لە سەروەرییەکەی دەگرێت و دەست لە کاروباری ناوخۆی وەرنادات. هەروەها جەختی لە پەرۆشی حکومەتەکەی کردەوە بۆ پتەوی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێست و تێبینییەکانی عێراق دەگەیەنێتە سەرکردایەتی وڵاتەکەی.
لێدوانەکانی هاکان فیدان بووە هۆی دروستبوونی کاردانەوەی تووڕە لە ناوەندەکانی عێراقدا، دوای ئەوەی بە زمانێک قسەی کردبوو کە بە بێڕێزی بۆ سەروەری وڵاتەکە هەژمار کرا. فیدان لە لێدوانەکانیدا وتبووی کە پارتی کرێکارانی کوردستان کۆنترۆڵی ڕووبەرێکی زۆری ناو خاکی عێراقی کردووە و داوای لە بەغدا کردبوو بڕیارێکی “ژیرانەتر” بدات. هەروەها پێی وابوو کۆتاییهێنان بە بوونی ئەو پارتە لە خاکی عێراقدا بە پرۆسەیەکی سەربازی کورت مەودا دەکرێت، ئەمەش وەک پێشنیارێک بینرا کە کێشەی دیپلۆماسی دروست دەکات و گوزارشت لە گوتارێکی هێرشبەرانە دەکات بەرامبەر عێراق.

