سوپای بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگریان لە گەرووی هورمز کراوەتە ئامانج و گومان دەكرێت بە مووشەك پێكرابێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2026\3\11، دەستەی کارپێکردنی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا کە سەر بە سوپای ئەو وڵاتەیە، ئاماژەی بەوە دا: “کەشتییەکی بارهەڵگری بەریتانی لە گەرووی هورمز رووبەڕووی هێرشێک بووەتەوە و بەهۆی پێکرانی بە مووشەکێکی نەناسراو، ئاگری گرتووە.”
بەگوێرەی راگەیاندراوی دەستە بەریتانییەکە، کاپتنی کەشتییەكە باسی لەوە كردووە: “کەشتییەکەیان زیانی زۆری بەرکەوتووە بەهۆی هێرشێکەوە گومانی مووشەکێکی نەناسراوی لێ دەکرێت.”
دەستەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا قەبارەی زیانەکان نەزانراوە، بەڵام لێکۆڵینەوە بەردەوامە و تەواوی ئەندامانی تاقمەکە سەلامەتن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، سوپای پاسداران گەرووی هورمزی داخستووە و لە ماوەی 12 رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک کەشتیی بازرگانی لە لایەن سوپاكە کراونەتە ئامانج، چونکە ویستبوویان بە گەرووەکەدا تێپەڕن.
تا ئێستا سوپای پاسداران لەو بارەیەوە هیچ بڵاوكراوەیەكی فەرمی لە بارەی بە ئامانجگرتنی کەشتییە بەریتانییەکەی رانەگەیاندووە.

