zagros news agency

تیمی ئارتیمیس ٢ بۆ سەر مانگ، لە هەموو مرۆڤەکانی پێش خۆیان زیاتر دوور کەوتنەوە

 

دوێنێ دووشەممە چوار کەشتیوانی “ئارتیمیس ٢”ی ناسا، لە ئه‌نجامی تێپەڕبوونیان بە لای بەشە تاریک و شاراوەکەی مانگدا، لە هه‌موو مرۆڤێکی پێش خۆیان زیاتر چوونە قووڵاییی بۆشایی ئاسمانەوە.

ئەم گەشتە کە شەش ڕۆژ دوای هەڵدانی کەشتییەکە دەستی پێکرد، یەکەم گەشتی مرۆڤە بۆ دەوروبەری مانگ لە دوای ئەرکەکانی “ئەپۆلۆ”ی سەردەمی جەنگی سارد کە زیاتر لە نیو سەدە لەمەوبەر ئەنجام دران.

پڕۆگرامی ئارتیمیس، کە جێگرەوەی پڕۆگرامی ئەپۆلۆیە، ئامانجی ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢٨ مرۆڤ بنێرێتەوە سەر مانگ، پێش ئەوەی چین بگاتە ئەوێ، هەروەها بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی هەمیشەیی ئەمریکی لەسەر مانگ وەک ئامادەکارییەک بۆ گەشتەکانی داهاتوو بۆ سەر هەسارەی مەریخ.

تیمی ئارتیمیس ٢، کە لە کەشتیوانانی ئەمریکی (رید وایزمان، ڤیکتۆر گڵۆڤەر، کریستینا کۆک) و کەشتیوانی کەنەدی (جێرمی هانسێن) پێکهاتوون، مێژوویەکی نوێیان تۆمار کرد بە گەیشتن بە دووری ٢٥٢,٧٥٦ میل لە زەوییەوە. ژمارەی پێوانەیی پێشوو نزیکەی ٢٤٨,٠٠٠ میل بوو کە لە ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن ئەرکی “ئەپۆلۆ ١٣”وە تۆمار کرابوو.

ناونانی چاڵەکان

لە کاتی گەشتەکەیاندا، کەشتیوانەکان هەستان بە ناونانی چەند چاڵێکی سەر ڕووی مانگ کە پێشتر ناوی فەرمییان نەبوو. جێرمی هانسێن پێشنیاری کرد ناوی یەکێک لە چاڵەکان بنرێت “ئینتێگریتی” (Integrity) بە ناوی کەشتییەکەیانەوە، و چاڵێکی تریش بە ناوی “کارۆڵ” بنرێت، کە هاوسەری کۆچکردووی فەرماندەی گەشتەکە (رید وایزمان) بوو و لە ساڵی ٢٠٢٠ بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی لەدەستدابوو.

هانسێن بە دەنگێکی پڕ لە سۆزەوە وتی: “ئەو شوێنە خاڵێکی گەشاوەیە لەسەر مانگ، و دەمانەوێت ناوی بنێین کارۆڵ.”

پەیوەندی لەگەڵ زەوی

لە کاتی تێپەڕبوونیان بە پشتەوەی مانگ، تیمی کەشتیوانان بۆ ماوەی ٤٠ خولەک پەیوەندییان لەگەڵ زەوی پچڕا بەهۆی ئەوەی مانگ ڕێگری لە شەپۆلە ڕادیۆییەکان دەکرد. دوای گەڕانەوەی پەیوەندییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی پەیوەندییەکی دەنگییەوە لە کۆشکی سپی پیرۆزبایی لێ کردن و وتی: “ئەمڕۆ ئێوە مێژووتان دروست کرد و هەموو ئەمریکاتان سەربەرز کرد.”

کریستینا کۆک، یەکێک لە کەشتیوانەکان، بە ترەمپی وت کە یەکێک لە لەبیرنەکراوترین ساتەکانی گەشتەکە بریتی بوو لە “بینینەوەی هەسارەی زەوی کاتێک لە پشتی مانگەوە دەرهاتینەوە.”

Artemis II mission's Orion capsule reaches its furthest distance from Earth

 

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمپانیای snapchat تایبەتمەندی دەستکاری کردنی نامەی زیاد کرد

یاسین

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی حکومەتی داهاتووی ترەمپ: حەماس هەرگیز حوکمی غەززە ناکات

یاسین

کۆبوونەوەی سەرکردەکانی G7 لە سێبەری گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا

یاسین