لیستی ئەو 21 فیلمەی کە لە مانگی ئایاری داهاتوودا بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕین، لە 79ـەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان کێبڕکێ دەکەن، چەندین بەرهەمی بەهێزی تێدایە، لەوانە فیلمی ئەسغەر فەرهادیی ئێرانی، ئەندرێ زڤیاگینتسێڤی دەرهێنەری ڕووسی، هەروەها براوەکانی پێشوو هیرۆکازو کۆریدای ژاپۆنی و کریستیان مۆنجیۆی ڕۆمانی، لەگەڵ پێدرۆ ئالمۆدۆڤاری ئیسپانی کە بۆ جاری 7 کاندید کراوە.
ئەو لیستە تەنیا یەک دەرهێنەری ئەمریکی تێدایە کە ئەویش ئایرا ساکسە بۆ فیلمی “The Man I Love”، لە کاتێکدا ستۆدیۆ گەورەکانی هۆڵیوود لەم خولەدا کە لە 12 تا 23ـی ئایار بەڕێوە دەچێت، ئامادەییان نییە.
ئالمۆدۆڤار لە ڕێگەی فیلمی “Amarga Navidad”ەوە کە گەڕانەوەیەتی بۆ سینەمای ئیسپانی، هەوڵ دەدات بۆ یەکەمجار خەڵاتی چڵە خورمای زێڕین بباتەوە، چونکە سەرەڕای 6 جار بەشداریکردنی لە کێبڕکێکەدا، تا ئێستا بەدەستی نەهێناوە. فیلمەکەی ئالمۆدۆڤار یەکێکە لەو 3 فیلمە ئیسپانییەی لە کێبڕکێکەدان، ئەمەش وەک تیێری فریمۆی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی پێ کرد، نیشانەی بووژانەوەی سینەمای ئیسپانیایە.
کریستیان مۆنجیۆی ڕۆمانی کە لە ساڵی 2007 خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی بردەوە، بە فیلمی “Fjord” دەگەڕێتەوە کە لە نەرویج وێنەگیراوە و ڕینات ڕاینسڤە ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت. هەروەها هیرۆکازو کۆریدای ژاپۆنی کە ساڵی 2018 خەڵاتەکەی بردەوە، بە فیلمی “Sheep in the Box” بەشدارە.
ئەم خولە بەوە جیا دەکرێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە دەرهێنەرە جیهانییەکان کارەکانیان لە فەڕەنسا و بە بەشداری ئەکتەرە فەڕەنسییەکان بەرهەم هێناوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەسغەر فەرهادی بە فیلمی “Histoires Parallèles” لەگەڵ کاترین دۆنۆڤ و ئیزابێل ئۆپێر بەشدار دەبێت.
هەروەها دەرهێنەری ڕووسی ئەندرێ زڤیاگینتسێڤ بە فیلمی “Minotaur” کێبڕکێ دەکات. لە لیستی دەرهێنەرە کاندیدکراوەکاندا تەنیا 5 ژن دەبینرێن، کە ئەمەش بەراورد بە خولی ڕابردوو کەمترە کە ژمارەیان 7 دەرهێنەر بوو.

