ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-4-2026, یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی غیابی بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سووریا و ماهر ئەسەدی برای، لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ڕژێمی پێشوو لە دیمەشق دەستی پێکرد. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پرۆسەی “دادپەروەریی ڕاگوزەری”دا دێت کە وڵاتەکە گرتوویەتیە بەر.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی “فرانس پرێس” لەسەر زاری سەرچاوەیەکی دادوەرییەوە ڕایگەیاند، ئامانجی ئەم دانیشتنە بریتی بووە لە
دەستپێکردنی ڕێکارە بەراییەکان بۆ دادگاییکردنی بەشار ئەسەد و ماهر ئەسەد بە شێوەی غیابی.
هەروەها چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمنی و سەربازی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە دەستگیرکراون دادگایی کران.
یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەی لە هۆڵی دادگادا ئامادە بوو، عاتیف نەجیب بوو. ناوبراو کە خزمێکی نزیکی ئەسەدە و پێشتر سەرۆکی لقی ئاسایشی سیاسی بووە لە پارێزگای دەرعا بە کەلەپچەکراوی لەبەردەم دادوەر وەستا. نەجیب تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی سەرکوتکاری و دەستگیرکردنی فراوانی هاووڵاتیان لە سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا.
دادوەر فەخرەدین عەریان سەرۆکی دادگای تاوانەکان، لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند:
“ئەمە یەکەمین دادگاییکردنی دادپەروەریی ڕاگوزەرییە لە سووریا، کە تێیدا تۆمەتباری دەستگیرکراو و تۆمەتباری هەڵاتووش هەن کە بە غیابی دادگایی دەکرێن.”
دادوەر ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دانیشتنە تایبەت بووە بە ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکان، و بڕیاردرا دانیشتنی دووەم لە ڕێکەوتی 10ی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت.
سەرچاوە دادوەرییەکە پشتڕاستی کردەوە کە دادگاییکردنەکە جگە لە خێزانی ئەسەد، کەسانی وەک وەسیم ئەسەد و بەدرەدین حەسوون (موفتيی پێشووی سووریا) و چەندین ئەفسەری باڵای سوپا و هەواڵگری دەگرێتەوە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بە تۆمەتی پێشێلکاری دژی گەلی سووریا دەستگیرکراون.
بەپێی یاسای سزاکانی سووریا، دادگاییکردنی غیابی ڕێگە دەدات بە دادگا کە بەدواداچوون بۆ تۆمەتی کەسانی هەڵاتوو بکات و سزای یاساییان بەسەردا بسەپێنێت تەنانەت ئەگەر لەبەردەم دادگاش ئامادە نەبن.

