zagros news agency

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی سلێمانی دێنێت

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژە ستراتیژییەکانیدا، هەنگاوە کردەییەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دوکان-سلێمانی دەستپێکرد.
ئەم پڕۆژە کە تێچووەکەی زیاتر لە 423 ملیۆن دۆلارە، وەک یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی ژێرخانی ئاو لە هەرێم دادەنرێت و ئامانج لێی بنبڕکردنی کێشەی کەمئاوی شارەکەیە بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی داهاتوو.

گرنگیی پڕۆژەکە

ئەندازیار بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا شاری سلێمانی ڕۆژانە پێویستی بە 450 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە، بەڵام تەنیا 240 هەزار مەتر سێجا بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش نیوەی پێداویستیی ڕاستەقینەی شارەکەیە، بەهۆی فراوانبوونی شار و دروستبوونی گەڕەکە نوێیەکان، بەتایبەت ئەو ناوچانەی دوای ساڵانی 2015 و 2016 ئاوەدان کراونەتەوە، کێشەی کەمئاوی زیاتر بووە. پڕۆژەی هێڵی سێیەم وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی دێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە و گەیاندنی ئاوی نیشتمانی بە هەموو ئەو گەڕەکانەی تا ئێستا لە تۆڕی ئاو بێبەش بوون.
قۆناغەکانی جێبەجێکردن و توانای بەرهەمهێنان
ئەندازیار خەسرەو مەلا عەبدولڕەحمان، نوێنەری بەڕیوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە پرۆژەی هێلی سێیەمی ئاوی دوکان-سلێمانی ڕایگەیاند: پڕۆژەکە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە 423 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان کردووە، لە قۆناغی یەکەمدا، پڕۆژەکە توانای دابینکردنی 10 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا دەبێت، کە دەکاتە 240 هەزار مەتر سێجا لە شەو و ڕۆژێکدا، لە قۆناغی دووەمدا، توانای بەرهەمهێنانەکە بۆ دوو هێندە زیاد دەکرێت و دەگاتە 20 هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، کە ئەمەش بە تەواوی پێداویستییەکانی دانیشتووانی سلێمانی بۆ داهاتوویەکی دوورودرێژ مسۆگەر دەکات.

تەکنەلۆژیا و دیزاینێکی سەردەمیانە

نوێنەری کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت: دیزاینی هێڵی سێیەمی دوکان-سلێمانی بە شێوەیەکی زانستی و جیاواز لە هێڵەکانی یەک و دوو داڕێژراوە.
لەم پڕۆژەیەدا نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانی بەکاردێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو ئاستەنگ و کێشانەی لە پڕۆژەکانی پێشوودا هەبوون، چارەسەر بکرێن، پڕۆژەکە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە وەڵامدەرەوەی گەشەی خێرای دانیشتووان بێت و ئاو بەپێی بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان فەراهەم بکات.

هەماهەنگی و چاودێری

بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتی و وردیی کارەکان، لێژنەیەکی باڵای سەرپەرشتیار بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی پێکهێنراوە و یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار ئەنجام داوە، کۆمپانیای هابیکا کە ئەرکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی لە ئەستۆیە، لە ڕێکەوتی 23ی شوباتی 2026ـەوە هەنگاوە سەرەتاییەکانی دەستپێکردووە و سوودی لە تواناکانی کۆمپانیای RT وەرگرتووە بۆ داڕشتنی باشترین دیزاین، تاوەکو پڕۆژەکە بە شێوازێکی مۆدێرن و لە ئاست خواستی هاووڵاتییاندا بونیاد بنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

یەکلاییکەرەوە.. بزانە ئێمباپێی بەشداری یاری داهاتوو دەکات؟

یاسین

راگه‌یندراوێك له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ كاربه‌ڕێكه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌

دڵشاد