لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان کۆبووەوە و چەند بڕیار و هەنگاوێکی گرنگی ڕاگەیاند، لەوانە لیژنەکە بڕیاریدا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هەموو دۆسیەکانی کارەبا لە ساڵی 2013 تا 2026، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لە دەستەی دەسپاکی هەن یەکلایی بکرێنەوە.
هەروەها لێکۆڵینەوە لە گرێبەستێکی وێستگەی کارەبای “دۆرە” دەکرێت. گومان هەیە گرێبەستەکە لە “نۆژەنکردنەوە” گۆڕدرابێت بۆ “گۆڕینی هەموو ئامێرەکان” و سەرچاوەی کڕینی کەرەستەکانیش گۆڕدراون، بۆ ئەم مەبەستە چەند بەرپرسێک بانگ دەکرێن.
لیژنەکە ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی کەمیی محاویلە و پێداویستییەکان لە ناوچەکانی باکوور و پشت بەستنی هەندێک فەرمانگە بە قەرز، بڕیاردرا بەرپرسانی دابەشکردنی کارەبای باکوور بانگی پەرلەمان بکرێن.
لیژنەکە چاودێری پڕۆژەکانی وزەی خۆر و ئەو پارانە دەکات کە بۆ باڵەخانە حکومییەکان لەو بوارەدا خەرج کراون.
لیژنەکە کۆمەڵێک شارەزای نوێی تەکنیکی و یاسایی بۆ ناو لیژنەکە دەستنیشان کرد، بە مەرجێک کاریان تەنها بۆ لیژنەکە بێت نەک نووسینگەی تایبەتی پەرلەمانتاران.
هەروەها بڕیاردرا سبەی سێشەممە (5ی ئایار) لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجە، قەرزەکان و چۆنیەتی کۆکردنەوەی پارەی کارەبا لە هاووڵاتیان.

