ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-5-2026، کاروانێکی نوێی ئاوارەکانی عەفرین لە شاری قامشلۆوە بەرەو ناوچەکانی خۆیان بەڕێکەوتن، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی بەردەوامی گەڕانەوەدایە کە چەندین کاروانی ئاوارەکان دەگرێتەوە.
بەگوێرەی میدیاکان لە سوریا، ئەمڕۆ نزیکەی 1800 خێزان لە شاری قامشلۆوە بەرەو عەفرین بەڕێ کەوتوون، ئەم کاروانە دوای تەنها ڕۆژێک دێت لە بەڕێکەوتنی کاروانێکی تر لە شاری حەسەکەوە کە نزیکەی 1200 خێزانی لەخۆ گرتبوو.
ئاماژە بەوەش دراوە کە ئاوارەکان لە ڕێگەی پاس و ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە و بە ڕێگای نێودەوڵەتی (M4) بەرەو عەفرین ڕۆیشتوون، هاوکات ڕێکارە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا توندتر کراونەتەوە.
لەو بارەیەوە، ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە ڕایگەیاند: “گەڕانەوەی ئەو 1200 خێزانە بووەتە هۆی چۆڵکردنی ژمارەیەک قوتابخانە، پەیمانگا و باڵەخانەی گشتی کە پێشتر بەهۆی ناچارییەوە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ ببوون.”
لای خۆشیەوە، مەحموود خەلیل عەلی، یاریدەدەری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە جەختی کردەوە، “پرۆسەی گەڕانەوە و تێکەڵکردنەوە بەپێی ڕێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم بەردەوامە و تا گەڕانەوەی دواین هاووڵاتی بۆ ناوچەکەی خۆی، پرۆسەکە ناوەستێت.”

