zagros news agency

کۆریای باشوور هێرشی سەر کەشتییەکی بارهەڵگری سەرکۆنە کرد

نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆریای باشووری ڕۆژی دووشەممە ١١ی ئایار، هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری کۆمپانیایەکی گواستنەوەی دەریاییی کۆریایی لە گەرووی هورمزدا بە توندی سەرکۆنە کرد.
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سەرۆکایەتی جەختی لەوە کردەوە کۆریای باشووری دوای ناسینەوەی سەرچاوەی هێرشەکە، پەرچەکرداری دەبێت؛ هەروەها گوتی سێئوول هێرشکردنە سەر کەشتییە مەدەنییەکان بە “قبووڵنەکراو” دەزانێت.
ئەو بەرپرسە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت شارەزایانی کۆریایی لێکۆڵینەوەی سەرەتایییان بۆ زیانەکانی سەر کەشتییەکە ئەنجام داوە. لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کەشتییەکە بە دوو “تەقەمەنیی نەناسراو” پێکراوە و هێرشەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ژووری مەکینەی کەشتییەکەدا.
سێئوول ڕایگەیاند ئێستا بۆ پەرچەکردنی توند بەرانبەر ئەم ڕووداوە و دابینکردنی ئاسایشی هاووڵاتییان و ڕێڕەوە دەریایییەکانی، خەریکی هەماهەنگییە.
دۆناڵد ترەمپ تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی ئەم کەشتییە کۆریایییەی بۆ هێرشێکی ئێرانی گەڕاندەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئەم تۆمەتەی ڕەت کردەوە. ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ترووس سۆشیاڵ” نووسیویەتی، ئێران هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی ئەمریکایی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، تەقەی لە کەشتییە کۆریایییەکە و چەند ئامانجێکی دیکە کردووە.
ناوبراو داوای لە کۆریای باشووری کرد لە هەوڵە نوێیەکەیدا بۆ یارمەتیدانی ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هورمزدا گیریان خواردووە، بەشداری بکات. کۆریای باشووری پێشتر ڕایگەیاندبوو داواکارییەکەی ترەمپ بۆ جێگیرکردنی کەشتیی جەنگی و پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەم ئاوڕێیە بە وردی تاوتوێ دەکات، بەڵام جەختی کردبووەوە ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیە پێویستی بە ڕەزامەندیی یاسایی و نێودەوڵەتی هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

مەهەپە: لە پرۆسەی ئاشتیدا سازش نییە؛ کاراییلان: تا ئۆجەلان ئازاد نەبێت متمانە ناکەین

یاسین

ئوستراڵیا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرزەکاران قەدەغە دەکات

یاسین

سەربازێکی بەریتانیایی به سیخوڕی‌کردن بۆ ئێران مەحکوم کرا

سەڵاح