ڕوودانی ٩ بوومەلەرزەی سووک لە ناوچەی پەردیسی ڕۆژهەڵاتی تارانی پایتەختی ئێرانی لە شەوی ڕابردوودا، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی گەورە زیاد کردووە.
ئاژانسی هەواڵی “مێهر” ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: دووبارەبوونەوەی ئەم لرزانە جارێکی دیکە نیگەرانیی شارەزایان و دانیشتووانی سەبارەت بە ئەگەری ئازادبوونی فشارە کۆبووەوەکانی دەوروبەری تاران و ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر لە داهاتوودا زیاد کرد.
تاران لە نزیک چەندین هێڵی شکانی چالاک هەڵکەوتووە و وێڕای دووبارەبوونەوەی بوومەلەرزە لەم ناوچەیەدا، ڕوودانی چەند لرزەیەکی یەک لە دوای یەک لە ماوەیەکی کورتدا ڕووداوێکی دەگمەنە.
دانیشتووانی ناوچەکانی نزیک لە هێڵی شکانی “مەشا” کە یەکێکە لە چالاکترین هێڵیشکان یان جەمسەرەکانی بۆمەلەرزەی ئێران، هەستیان بەو لرزانە کردووە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای تاران تۆمار کراون. بە گوێرەی میدیا دەوڵەتییەکانی ئێرانی، یەکێک لە بوومەلەرزەکان بە گوڕی ٤.٦ پلە بووە، بەڵام زیانی گیانی یان ماددیی لێ نەکەوتووەتەوە.
مەهدی زارە شارەزای بوومەلەرزەزانی گوتی: تا ئێستا ڕوون نییە ئەم لرزانە نیشانەی ئازادبوونی وزەی کۆبووەوە و کەمبوونەوەی مەترسیی بوومەلەرزەن لە داهاتوودا، یان هۆشدارییەک لەبارەی زیادبوونی چالاکییەکان لە درێژەی هێڵەکانی شکانی نزیک تارانن.
زارە بە “مێهر”ی گوت: مەترسیی بوومەلەرزە لە تاران تەنها بەهۆی هێڵی شکانە چالاکەکانەوە نییە، بەڵکو چڕیی بەرزی دانیشتووان، گەشەی بیناسازی و سنوورداریی ئامادەکارییەکانیش مەترسییەکە زیاتر دەکەن.
نێوبراو هۆشداریی دا تەنانەت بوومەلەرزە بچووکەکانیش دەتوانن بەهۆی لاوازیی ژێرخانەکان و قەرەباڵغیی هاتوچۆوە، پەککەوتنی گەورە لە پایتەختدا دروست بکەن و پرۆسەی فریاگوزاری لە کاتی نائاساییدا سەخت بکەن.
تاران بە دانیشتووانێکی زیاتر لە ١٤ ملیۆن کەس لە نزیک هێڵە چالاکەکانی شکان جێگیر بووە و شارەزایانی ئێرانی چەندین جار هۆشدارییان لەبارەی لێکەوتە کارەساتبارەکانی بوومەلەرزەیەکی گەورە داوە. ئێرانی یەکێکە لە وڵاتە بوومەلەرزەخێزەکانی جیهان و بوومەلەرزەی “بەم” لە ساڵی ٢٠٠٣دا کە زیاتر لە ٣٠ هەزار کوژراوی لێ کەوتەوە، وەک یەکێک لە خوێناویترین ڕووداوە سروشتییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتە دەمێنێتەوە.
هەواڵی پێشوو

