فاتیح بیرۆڵ، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، گوتی سەرەڕای ئازادکردنی بەشێک لە کۆگاکانی نەوتی ستراتیژیی حکوومەتەکان لە سەرانسەری جیھاندا، کۆگاکانی بازرگانی بەهۆی پەککەوتنی دابینکردنی نەوت لە کەنداوی فارس، “زۆر بە خێرایی” کەم دەبنەوە.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی گەشتە هاوینەییەکان لە نیوەگۆی باکوور، نیگەرانییەکان لەبارەی کەمیی سووتەمەنی زیادیان کردووە. هێڵە ئاسمانییەکان هۆشدارییان داوە ئەگەر پەککەوتنی دابینکردن بەردەوام بێت، لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی کەمیی سووتەمەنیی فڕۆکە دەبنەوە. بیرۆڵ کاتی گەیشتنی بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی داراییی گرووپی حەوت (G7) لە پاریس بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: “کۆگاکانی بازرگانی کەم دەبنەوە و پێم وایە ئێستا زۆر بە خێرایی بەرەو تەواوبوون دەچن.” ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: “هێشتا چەند هەفتەیەکمان لەبەردەمدایە، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەو ڕاستییە بین کۆگاکان بە خێرایی کەم دەبنەوە.”
دوای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران، هاتوچۆ لە گەرووی هورمز سنووردار کرا، لە کاتێکدا لە بارودۆخی ئاساییدا پێنجیەکی نەوت و گازی شلی جیھان لەوێوە دەگوازرێتەوە. ئەم سنووردارکردنە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش هەر بەردەوامە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشتر ڕایگەیاندبوو وڵاتان بە “خێراییەکی بێوێنە” کۆگاکانی نەوت و کۆگا ستراتیژییەکانیان بەکار دەهێنن، چونکە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ شکستیان هێناوە.
هەواڵی داهاتوو

