تۆڕی هەواڵی “سی ئێن ئێن”ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئێران کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی داخستووە و ڕێگاکانی گەیشتن بەو مەوادانەی ئەستەم کردووە، هاوکات باس لەوە دەکرێت کە سوپای ئەمریکا پلانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ماددانە لە کاتی هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیدا ئامادە کردووە.
تۆڕی “سی ئێن ئێن” لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە، ئێران کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی جیا کردووەتەوە و لە ڕێگەی ڕووخاندنی تونێلەکان و چاندنی مینەوە شوێنی کۆگاکانی داخستووە. بەپێی سەرچاوەکان، ئەم کارە وایکردووە گەیشتن بە نزیکەی نیو تۆن لەو ماددانە زۆر ئەستەم بێت و پێویستی بە پڕۆسەی هەڵکەندنی ئاڵۆز و مینڕێژکردن بێت، ئەمەش دەرفەتی “کات کوشتن” و مانۆڕکردن دەداتە تاران.
هاوکات، بەرپرسانی ئەمریکا بە تۆڕی “سی بی ئێس نیوز”ـیان ڕاگەیاندووە، وەزارەتی جەنگی و وەزارەتی وزەی ئەمریکا، پلانێکی هاوبەشیان بۆ دەستبەسەرداگرتن و پاراستنی ماددە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە کردووە، ئەگەر بێت و واشنتن و تاران بگەنە ڕێککەوتن. بەرپرسەکان جەختیان کردووەتەوە کە ئەم گفتوگۆیانە بە واتای بڕیار بۆ هێرشی سەربازی نایەت، بەڵکو بەشێکە لە پلاندانانی سەربازیی ڕۆتینی.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی “بلومبێرگ” لە زاری سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئێران توانیویەتی دەستی بەو کۆگا و سەکۆی مووشەکانە بگاتەوە کە لەژێر داروپەردوودا مابوونەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، کە پێدەچێت تاران لە ماوەی ئاگربەستدا، چەکی پێشکەوتووی ڕووسی بۆ کۆگاکانی زیاد کردبێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان واشنتن و تاران، پێویستی بە گفتوگۆی تەکنیکی زیاتر دەبێت سەبارەت بە داهاتووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

